کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوسۆزییەك بۆ قوربانییانی رووداوی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمێك لەشاری موسڵ، بڕیاریدا سەرجەمی چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز رابگرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بە راگرتنی سەرجەمی چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز دەكات.
لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە "خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ كارەساتی گیانلەدەستدانی دەیان كەس لە هاووڵاتیانی شاری مووسڵ كە دوێنێ لە ڕووباری دیجلەدا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێكەوە گیانیان سپارد. لەیەكەم ساتی ڕووداوەكەشەوە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی تەندروستی و فریاگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراون بەدەم برینداران و لێقەومانەوە بچن و بە شێوەیەكی بەردەوام لە چاودێریكردنی ڕەوشەكەداین، ئەمەش بە ئەركی نیشتمانی و برایەتیی هاوبەشمان دەزانین".
لەراگەیەندراوەكەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بە بەشدار و هاوبەشی ماتەمی گشتی لە عێراق دادەنێت و بەو بۆنەیەوە چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێت.
دوێنێ (پێنجشەممە) بەلەمێكی گەشتیاری لە یەكێك لە دوورگە گەشتیارییەكانی ڕووباری دیجلە لە شاری موسڵ ژێر ئاو كەوت و بەهۆیەوە قوربانییەكی زۆری لێكەوتەوە.