گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە نیو ملیار کەس لەژێر هەڕەشەی هەڵکشانی پلەکانی گەرما و وشکەساڵیدان

2019.10.13 - 12:32
زیاتر لە نیو ملیار کەس لەژێر هەڕەشەی هەڵکشانی پلەکانی گەرما و وشکەساڵیدان
ناس کورد-   پەیمانگای دەریای ناوەڕاست بۆ ژینگە و زیندەوەرزانی لە فەڕەنسا هۆشداریدا لەوەى، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی دەوروبەرى دەریای ناوەڕاست لە چاو ناوچەکانی دیکەی گۆی زەوی زۆر بە خێرایی بەرزدەبێتەوە. . بەپێی ڕاپۆرتێکى پەیمانگاکە، زیاتر لە 500 ملیۆن کەس بە هۆی ئەو دیاردەیەوە دووچاری کەمئاوی و نەبوونی خۆراکی پێیویست دەبنەوە، ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکە چارەسەر نەکرێت. . فۆڵڤانگ کرامەر، بەڕێوەبەری پەیمانگای دەریای ناوەڕاست بۆ ژینگەو زیندەوەرزانی لە فەرەنسا، جەختی لەوەکردوەتەوە، دەریای ناوەڕاست یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوایە لە جیهاندا. . ئاماژەی بەوەشکراوە، پلەکانی گەرما لەئێستادا لە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازیی بە بڕی 1.5 پلەی گەرمی زیادیکردووە، ئەوەش ئەوە دەخاتەڕوو کە قەتیسبوونی گەرما لەو ناوچەیە بەڕێژەی لە 20% خێراترە لە ناوچەکانی دیکەی جیهان هەڵدەکشێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری ئەوەشدراوە، ئەگەر بە زووترین کات ئەو کێشە چارەسەر نەکرێت لە ڕێگەی کەمکردنەوە گازە گەرم پارێزەکانەوە، ئەوا پلەکانی گەرما لەو ناوچەیە لەساڵی 2040 بەرزدەبێتەوە بە ڕێژەی  2.2 پلەی سیلیزی، ئەگەریشی هەیە لەساڵی 2100 بەرزبێتەوە بۆ 3.8  پلەی سیلیزی، ئەوەش  وادەکات زیاتر لە 250 مليۆن کەس لە 20 ساڵی داهاتوودا بە دەست کەمئاوی و وشکە ساڵیەوە بناڵێنن. . کرامەر لەگەڵ زیاتر لە 80  زانای بواری ژینگە و زیندەوەرزانیدا لەساڵی 2015 ەوە سەرقاڵی ڕاپۆرتێکی زانستی گشتگیرن دەربارەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ژینگەی دەریای ناوەڕاست. لە ڕاپۆرتەکەدا کرامەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانەی لە نزیک کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست دەژین، زۆربەیان کەمدەرامەت و هەژارن، ناتوانن بە شێوەیەکی باش خۆیان لە کاریگەرییەکانی گەرما لەو ناوچەیەدا بپارێزن، لە داهاتوویشدا شەپۆلەکانی گەرما لەو ناوچەیانە زیاتر بەردەوام دەبێت وزیاتر پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. . ئەوەشی خستوەتە ڕوو، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکانی ڕەشبینی تێدایە، بەڵام ئامانجی ئەوان ئەوەیە، سیاسییەکان بە شێوەیەکی جدی بیر لە چارەنوسی ناوچەکەیان بکەنەوە. . بەوتەى کرامەر، کەمکردنەوەی یەک تۆن لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربوون لە لایەن  وڵاتە پیشەسازییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازی لە کەشوهەوا دروستدەکات.