ناس کورد-
مەکۆی گۆڕان لە کەلار لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لە کۆبوونەوەیەکدا لەو سنورە، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کرد تێکدەر بوون و بە چەقۆ و دەمانچەی کارەبایی و بۆمبی دەستی ئارامی هۆڵەکەیان تێكدا".
.
لە ڕاگەیەندراوەکەى مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە کراوە " دوای ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سەردانی کەلاریان کرد و بەنیاز بوون لە هۆڵی بۆنەکان لەگەڵ هەڵسوڕاوانی دەڤەرەکە گفتوگۆ بکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە و دور لە رەوشتی بەرزی گەرمیانیەکان و گۆڕانخوازان، چەند کەسێک کە هەندێکیان هەڵسوڕاوی گۆڕانیش نەبوون، کەشوهەوای کۆبوونەوەکەیان تێکداو هێرشی ناڕەوایان کردە سەر میوانەکان و هەڵسوڕاوانی بەشدار بوو".
.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەو گروپە کە چەند رۆژێکە پلان بۆ ئەو کارە تێکدەرانەیان دەکەن، بە دەمانچەو چەقۆ و بۆمبی دەستی و دەمانچەی کارەبایی، ئارامی هۆڵەکەیان تێکداو بەشێک لە کەرەستەو کەلوپەلی هۆڵەکەیان شکاند.
.
مەکۆی گۆڕان لە کەلار ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ هەموو جۆرە رەخنەیەکی بنیاتنەرانەین ، بەڵام ئەو کارە بە هەنگاوێکی تێکدەرانەی نامۆ و گوماناوی ئەزانین و ناچارین هەمو رێکارێکی ئسوڵی و یاسایی دژ بەو کەسانە و هاندەرەکانیان بگرینە بەر، بەدڵنیایشەوە هاندەر و پلانداڕێژەرانی ئەو کردەوە تێکدەرانەیە، جگە لە ڕسوایی و داڕوخانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، هیچ ئاکامێکی تر بەدەست ناهێنن".
.
راگەیەندراوەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ (شەممە، 12ى تشرینى یەکەمى 2019) ڕێکخەری گشتی گۆڕان و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن سەردانی شاری کەلاریان کرد، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنگرانی بزوتنەوەکەدا، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا ناڕەزایی دژی بەرپرسانی گۆڕان دروست بوو، بۆیە کۆبوونەوەکە بە خێرایی کۆتایی هات.
.