گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا سێ قۆناغ دەبێت.. قۆناغی دووەم ناوچەکانى تری ڕۆژئاوا دەگرێتەوە

2019.10.12 - 17:07
ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا سێ قۆناغ دەبێت.. قۆناغی دووەم ناوچەکانى تری ڕۆژئاوا دەگرێتەوە
ناس کورد- بەپێی ڕاپۆرتی میدیا تورکییەکان، سوپای تورکیا دەیەوێت بە سێ قۆناغ ئۆپراسیۆنى "کانی ئاشتی" بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات و سەرجەم هێزە کوردییەکان لەناو ببات. . ئەمڕۆ، شەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2019، لەشکرکێشییەکەى سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوا پێ دەنێتە ڕۆژی چوارەمییەوە، هەرچەندە سوپای تورکیا بە هاوکاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى هاوپەیمانی لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی شارە سنورییەکان دەکەن، بەڵام تائێستا هیچ شارێکیان کۆنتڕۆڵنەکردووە، وەزارەتى بەرگریی تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی سەرێکانی ڕاگەیاند بەڵام هەسەدە ڕەتیکردەوە و دەڵێت: "هێشتا شەڕ بەردەوامە". . بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى دەیلی سەباحی تورکی، ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت کە ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو یەکەم قۆناغی دەستیپێکرد و بڕیارە 10 ڕۆژ بەردەوام بێت. . بەپێی ڕاپۆرتەکە، "ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن ژورێکی هەماهەنگی هاوبەشی سەرۆکایەتی ئەرکانی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی سەرکردایەتی دەکات". .   ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردوە: "لە یەکەمین قۆناغدا سوپای تورکیا جموجوڵەکانی زۆر خێرا دەبێت و پلانەکەش بەشێوەیەکە کە لەماوەی حەوت بۆ 10 ڕۆژدا، بە قوڵایی 32 کیلۆمەتردا جوڵە دەکات و دواتر ناوچەى ئارامی تێدا دادەمەزرێنێت." . دەشڵێت، "لە قۆناغی یەکەمدا تورکیا دەیەوێت ئەو ڕێگایانە کۆنتڕۆڵ بکات کە عێراق و سوریا پێکەوە دەبەستنەوە تاوەکو هاوکاری لۆجستی و چەک نەگات بە هێزە کوردییەکان." . هەر بەپێی ڕۆژنامەکە، لە قۆناغی دووەمدا سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانى دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی تەواوی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن و "دەستبکەن بە دەرکردن و لەناوبردنی هێز و شەڕڤانانی کورد لە ناوچەکان." . لەبارەى قۆناغی سێیەم، ڕۆژنامەکە دەڵێت، "لە سێیەم قۆناغدا تورکیا دەستدەکات بە بردنی ئاوارە عەرەبە سورییەکانی تورکیا بۆ خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و نیشتەجێکردنیان"، بەوەش دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت.