ناس کورد-
موراد قەرەیلان، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشی توندی کردە سەر ترەمپ و ڕایگەیاند، ترەمپ لە کوشتنی هەر کوردێک بەرپرسیارە.
.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هێزەکانی پارستنی گەل، بە میدیاکانى نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاندووە "شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە داگیرکەری تورک تێکدەشکێنن، ئەگەر شەڕڤانان و گەل شان بدەنە شانی یەک سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت، نابێت کۆبانێی پیرۆز و سەرێکانی مێژوویی، تەنیا بمێنن".
.
وتیشی "پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەکەین، پێویستە گەلەکەمان بە ڕۆحی کۆبانێ و ئەزموونی عەفرین لەگەڵ شەڕڤانان بە هێزی خۆیان بەرخۆدان بکەن".
.
دەربارەی هەڵوێستەکانی ترەمپ بەرامبەر بە کورد لەم دۆخەدا، قەرەیلان ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکەی ترەمپ بە فەرمی هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعشی کرد، ترەمپ لەسەر کوشتنی هەر کوردێک بەرپرسیارە".
.
ماوەى سێ ڕۆژە سوپاى تورکیا هێرشێکى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و هێزەکانى هەسەدەش رووبەڕووى بوونەتەوە، تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانى سەخت بەردەوامە.
.
دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، سێ بژاردەیان لەبەردەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکەى تورکیا کە پێکهاتوون لە ناردنى هێز، سەپاندنى سزاى دارایی بەسەر تورکیا، نێوەندگیریکردن لەنێوان تورکیا و کوردەکان.
.
هێرشەکەى تورکیا دواى چەند ڕۆژێک هات لە دەرکردنى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.