ناس کورد- شەهرام عەزیز
لە شاری هەولێر کەسێک دەستگیرکرا کە بەناوی دوعا و نوشتەوە چەندین ئافرەتی "هەڵخەڵەتاندووە" و کێشەی خێزانی بۆ دروستکردوون، بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنانیش، هۆشداری بە ژنان و کچان دەدات لەو کەسانەی دوعا و نوشتە دەکەن، یاخود لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پێداویستی جوانکاری دەفرۆشن.
,
کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری توندووتیژی دژی ژنانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوێنێ لە شاری هەولێر کەسێک دەستگیرکراوە کە نوشتە و دوعا و جادوی بۆ خەڵک کردووە و لەو ڕێگەیەوە چەندین ئافرەتی هەڵخەڵەتاندووە و کێشەی خێزانی بۆ دروستکردوون، داوای پارەشی لێکردوون".
,
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەوەش، ماوەیەکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین هەژماری فەیسبووک دانراون بە ناونیشانی "پێداویستی جوانکاری ئافرەتان"، کە چەند کەسێکی نابەرپرس وەک فێڵێک بەکاری دەهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئافرەتان و بەهۆیەوە چەندین ئافرەت توشی کێشە بوون.
,
بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان داواشی لە ئافرەتان کرد، بەهیچ شێوەیەک وێنە و نهێنی تایبەتی بۆ ئەو پەیج و هەژمارانە نەنێرن و ئەگەر دڵنیا نەبوون لێیان مامەڵەشیان لەگەڵ نەکەن.
,
هاوکات توندوتیژی دژی ژنان ئەوەی خستووەتەڕو، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، بەزوترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە "119" بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاوێژی (یاسایی، دەرونی، کۆمەڵایەتی)، یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بکەن.
,
,