ناس کورد-
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و و بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش ڕایگەیاند، سەردانەکەی یەکێتی سەرەتایەکی باشە بۆ گەرموگوڕکردنەوەى پەیوەندییەکانیان.
.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تشرینى یەکەمى 2019، شاندێکى باڵاى یەکێتى سەردانى مەکۆی گشتیی گۆڕانی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.
.
.عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەم سەردانەی یەکێتی سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی گەرموگوڕیی بکەوێتە نێو پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانمانەوە".
.
وتیشی: "یەکێتی و گۆڕان شەریکی حکومەتی خۆجێی ئەم سنورەن و پێویستە پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام هەبن، لە ڕابردووشدا مام جەلال و کاک نەوشیروان دەیانویست یەکێتی و گۆڕان پەیوندییەکی باشیان هەبێت، بۆیە پێویستە ئێستاش هەوڵبدرێت پابەند بین بە ڕێککەوتنەکانەوە".
.
سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بارودۆخەی ئێستادا کە ڕۆژئاوای کوردستانی تێکەوتووە، پێویستە هەموو لایەنەکان و بەتایبەت سێ لایەنی بەشدار لە حکومەت پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و یەکڕییەکی نیشتمانی هەبێت.
.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، ماوەى چوار مانگە پەیوەندییەکانى یەکێتى و گۆڕان ئاڵۆزى تێکەوتووە، دواى ئەوەى لە 11ى حوزەیرانى ئەمساڵدا تەقە لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان کرا لە سلێمانى و بەهۆیەوە پاسەوانێکى مەکۆکە گیانى لەدەستدا.