گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەموو پارەى دنیا قەرەبووى ئەوەم بۆ ناکاتەوە کە بەسەرمدا هات

ئەو کچەی حەمکۆ دەستدرێژیى کردووەتە سەر : هەرگیز شووى پێ ناکەم

2019.10.09 - 10:58
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو کچەی حەمکۆ  دەستدرێژیى کردووەتە سەر : هەرگیز شووى پێ ناکەم

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز   دۆسیەی دەستگیرکردنی هونەرمەندی کۆمیدی حەمکۆ بەتۆمەتی “دەستدرێژیی سێکسی” بۆ سەر کچێک، هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە و کچەکەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە داوای پارەی کردبێت و وتویەتى بەهیچ شێوەیەک هاوسەرگیریی لەگەڵ حەمکۆ ناکات. . زیاتر لە دوو هەفتەیە هونەرمەندی ناسراوی کۆمیدی، حەمکۆ بە تۆمەتی "دەستدرێژیکردنەسەر کچێک" زیندانیکراوە و بە وتەی پۆلیسی هەولێر، حەمکۆ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. . هەفتەى ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو کچە و خانەوادەکەی دوو مەرجیان بۆ حەمکۆ داناوە تا لێی خۆشبن ئەویش بریتین لەوەى "حەمکۆ کچەکە بخوازێت، یاخود 400 هەزار دۆلارییان وەک قەرەبوو پێبدات". . کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند "دوێنێ ئەو کچە و باوکی هاتوونەتە لام و گفتوگۆمان کردووە، ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین سوڵحی عەشایەریی بکەن". . بە وتەی کوردۆ عومەر، ئەو کچەی حەمکۆ "دەستدرێژی کردووەتە سەر" ڕەتیکردووەتەوە داوای پارەی کردبێت و ئاماژەی بەوەکردووە "ئەوەی دەوترێت داوای پارەمان کردووە تەنها قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و هەموو پارەی دنیا ناتوانێت قەرەبووی ئەوە بکاتەوە کە حەمکۆ توشی منی کردووە". . ئاماژەی بەوەشکرد، کچەکە ئەوەشی ڕەتکردووەتەوە کە بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵى، لە حەمکۆ خۆشبێت و وتویەتی "هەرگیز شوی پێناکەم". . حەمکۆ بە مادەى 395 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە سزادانی کەسێک کە “تاوانی سێکسی دژی کچێک ئەنجام داوە کە بەڵێنی هاوسەرگیریی لەگەڵدا دابێت.” . کوردۆ عومەر جەختیشیکردەوە، تەنها داواکاری ئەوان ئەوەیە کە مامەڵەیەکی یاسایی لەگەڵ کەیسەکەدا بکرێت و تۆمەتبارەکە بە یاسا سزا بدرێت و ئەوانیش داواکەیان دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان. . دەربارەی بارودۆخی ئەو کچە، کوردۆ عومەر باسی لەوەکرد "لەئێستادا کچەکە باری دەرونیی بەرەو باشتربون دەڕوات، بەڵام باوکی زۆر کاریگەرە بە ڕوداوەکە". . هونەرمەندی کۆمیدی، حەمکۆ، پێشتر سێجار هاوسەرگیری کردووە، کە هاوسەری دووەمی خانمێکی بەرازیلی بوو بە ناوی “رۆبێرتا رۆچ” و خاوەنی کورێکی چوار ساڵانن بە ناوی تۆماس. . هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دۆسیەکە لەلاى ئەوان نەماوە و ڕەوانەى دادگا کراوە. . ناس کورد پەیوەندیکرد بە دڵشاد فایز، وتەبێژی داواکاری گشتی هەرێمەوە و تەنها ئەوەندەى وت کە دۆسیەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرە و تائێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێشتا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە. . حەمکۆ یەکێکە لە ئەکتەرە ناسراوەکانی بواری کۆمیدیا، بۆ ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە وەکو ئەکتەر دەرکەوتووە و بەشداری چەندین فیلم و درامای کردووە.