گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان وەزیری دارایی بانگهێشت دەکات

پێدەچێت پێش کۆتایی ئەم مانگە حکومەت پڕۆژەی چاکسازیی ڕەوانەی پەرلەمان بکات

2019.10.08 - 22:59
App store icon Play store icon Play store icon
پێدەچێت پێش کۆتایی ئەم مانگە حکومەت پڕۆژەی چاکسازیی ڕەوانەی پەرلەمان بکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەم نزیکانە وەزیری دارایی بانگهێشتی لیژنەکەیان دەکەن بۆ تاوتوێکردنى پرسی دواکەوتنى موچە و پێدانەوەى موچە پاشەکەوتکراوەکان، ئەگەریش هەیە پێش کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەی چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. . زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "پێشتر بە نووسراو داوامان لە وەزیری دارایی کردبوو بێتە پەرلەمان، بەڵام  ئەو هەر بە نووسراو وەڵامی داینەوە کە هێشتا بەرچاو ڕوون نییە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان". . وتیشى "بڕیارمانداوە لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە داوایەک ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی". . زیاد جەبار، ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین ئەو دۆسیانە کە وەزیری دارایی لەسەر بانگهێشت دەکرێت، تایبەتە بە دواکەوتنی موچە و پاشکەوتی موچە، زیادبوونى داهات، یاساکانی باج و دەرامەتی حکومەت. . لەبارەى پڕۆژەى چاکسازى خانەنشینى، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو،  ئەگەر هەیە حکومەتی هەرێم کوردستان پڕۆژەی چاکسازی پێش کۆتایی ئەم مانگە بۆ جاری دووەم ئامادە بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکات. . بەوتەى زیاد جەبار، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە، کۆمەڵێک چاکسازی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دەکات هەموو لایەن ئابوورییەکانی حکومەت دەگرێتەوە  لە خەرجییەکان و داهاتەکان و گومرک، پرۆژەکە لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە  زۆر جیاوازترە  لە پڕۆژەکەی پێشوو. . دوێنێ دووشەممە حەوتى تشرینى یەکەمى 2019، لیژنەی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت، بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا بەردەوامى بدات بە کۆبوونەوەکانى لەو بارەیەوە، تا ڕەشنوسەکە ئامادە بکات ڕەوانەى پەرلەمانى بکات بەمەبەستى پەسەندکردنى. . له‌كۆتایى ساڵى 2017 پڕۆژه‌ یاسایى چاكسازیى لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە له‌په‌رله‌مانى كوردستان‌ په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام دواى دروستبوونى ناڕەزایی و خۆپیشاندان لەبارەى ئیمتیازاتى پلە تایبەتەکان، پڕۆژەکە گەڕێنرایەوە پەرلەمان.