کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سوپاى تورکیا سەنگەرێکى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى تۆپبارانکرد و بۆردومانى سنورى نێوان سوریا و عێراقیشى کرد، سورياش ڕایگەیاند، ڕێگە بە "داگیرکردنى" هیچ بەشێکى خاکەکەیان نادەن. . هەسەدە لەتویتێکدا ڕایگەیاند، تورکیا یەکێک لە سەنگەرەکانیانى لە سەرێکانى تۆپبارانکردووە و زیانى گیانى لێنەکەوتووەتەوە، وەڵامى هێرشەکەشیان نەداوەتەوە. https://twitter.com/cmoc_sdf/status/1181633067783311361 لەلایەکى دیکەوە، ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند سەرچاوەیەکى تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە، شەوى دووشەممە تورکیا سنورى نێوان عێراق و سوریاى بۆردومانکردووە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانى بۆردومانەکەش بڕینى ڕێگەى هاتوچۆى نێوان عێراق و سوریا بووە، پێش ئەوەى ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا دەستپێبکەن. . وتیشى "بەو شێوەیە، ڕێگەى پەڕینەوە لە سوریاوە بۆ عێراق و هێڵى گواستنەوەى هاوکاریی و یارمەتى پچڕێنراوە". . لەسەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى تورکیا بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باکورى سوریا، فەیسەڵ میقداد، جێگرى وەزیرى دەرەوەى سوریا ڕایگەیاند "داگیرکردنى هیچ بەشێکى خاکەکەمان قبوڵ ناکەین". . وتیشى "لەئەگەرى هێرشى تورکیا بۆ سەر خاکى وڵاتەکەمان، بەرگرى دەکەین، بەڵام لەسەر ئەوانەى دیکەش پێویستە خۆیان نەخەنە بەردەم لێوارى هەڵدێرەوە". . دواى بڕیارەکەى دۆناڵد تڕەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا، تورکیا دەستى بە ئامادەکاریی چڕى سەربازى کردووە بۆ دەستپێکردنى لەشکرکێشى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان، هەسەدەش بەڵێنى بەرگریکردنى داوە و داواشى لە ئەمریکا کردووە ڕونکردنەوە بدات لەو بارەیەوە.