گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژی چوارەمى خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاڵۆزترین بو

موقتەدا سەدر داوا دەکات حکومەت هەڵوەشێتەوە

2019.10.04 - 22:53
موقتەدا سەدر داوا دەکات حکومەت هەڵوەشێتەوە
ناس کورد- لە نوێترین کاردانەوەدا، بە نوسراوێکى دەستى، موقتەدا سەدر داواى دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت و هەڵبژاردنى پێشوەختى کرد. , هەرچەندە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانی بەکارهێنانی هێزیان دژبە خۆپیشاندەران پێ نەدراوە، بەڵام توندووتیژییەکان بەردەوامیان هەبوەو ژمارەى قوربانیانیش لە هەڵکشاندایە. , ئەمڕۆ هەینی، 4ی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندانەکانى عێراق پێی خستە چوار ڕۆژى خۆی و ژمارەى قوربانییەکانیش بەرزبوونەوە، لاى خۆیەوە فەرماندەی ئوپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند: "فەرمانی بەکارهێنانی هێزى دژبە خۆپیشاندەران پێینەدراوە، دۆخەکەش لەهەموو شارەکانی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدایە". , بەڵام پاش بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و زیادبوونى ژمارەى قوربانیان، لە نوێترین کاردانەوەدا موقتەدا سەدر، ڕابەرى ڕەوتى سەدر نوسراوێکى دەستى بڵاوکردەوە، تیایدا وتى: "خوێنى عێراقییە بەشەرەفەکان بپارێزن، بە دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت 'شلع قلع'، وە بە سەرپەرشتى نێودەوڵەتى هەڵبژاردنى پێشوەختە بەڕێوەبچێت، چیتر بێدەنگ نابین لەبەرامبەر شەهیدکردنى عێراقییەکان". , لەلایەکی دیکەوە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمرۆ هەینی بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان دەیان برینداری خۆپیشاندانەکانیان لەناو نەخۆشخانەکان دەستگیرکردووە. , کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش لە عێراق بۆ ناس کورد ئاشکراى کرد، ژمارەی کوژار و برینداری خۆپیشاندانەکانی شارەکانى عێراق لە هەڵکشاندایە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەوانیش تا ئێستا 40 کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەس برینداربوون، کە لەنێویاندا خۆپیشاندەر و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان هەن. , هاوکات ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤى پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیاندراویکدا، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هێز دژبە خۆپیشاندەران بەکارنەهێندرێت، وتیشی، ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن هاوڵاتی عێراقین و داوای مافی یاسایی خۆیان دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە، پەرلەمان لە زوترین کاتدا دەنگ لەسەر یاسای مافی ڕادەڕبڕین دەدات بۆ ئەوەی چیدی هاولاتیان بەهۆی داواکردنی مافەکانیان دوچارى نەهامەتی نەبنەوە. , ڕابەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ هەینی، داوای لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائیرون کرد، ئەندامێتییان لە پەرلەمانی عێراق هەڵپەسێرن و بەشدارى دانیشتنەکان نەکەن، دواتر هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانیش کە پێکهاتوە لە لایەنە سونەکان و هاوپەیمانی فەتح بە ڕابەرایەتی هادی عامری، هەمان هەڵوێستیان پیشاندا. , وێڕاى ئەوەى بڕیارە سبەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام قراکسیۆنە کوردییەکانیش بڕیاریان دا نەچنە ئەو دانیشتنەوە و بایکۆتى بکەن. , هەر ئەمڕۆ هەینی، بۆ تاووتوێکردنی دۆخی عێراق لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆککۆمار و سەرۆکى پەرلەمانی عێراقی بەڕێوەچو، جارێکى دیکە جەختیان لە پاراستی سەلامەتی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کردەوە. , لەلایەکى دیکەشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد، کە دەبێت بە زوترین کات و بەشێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بەکارهێنانی هێز دژبە خۆپیشاندران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامبدات. , هەروەها ئەمرۆ نوێنەری ڕابەری ئاینی شیعەکان عەلی سیستانی، لەمیانەی وتاری هەینیدا لە شاری نەجەف، سەرەکۆنەی بەکارهێنانی ئاگر و ئاسنی کرد دژبە خۆپیشاندران، حکومەتی عێراقیشی لەو کارە ئاگادار کردەوە. , ,