گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کوژراو و بریندار و گیراوانى خۆپیشاندانەکانی عێراق بە ژمارە

2019.10.04 - 21:37
کوژراو و بریندار و گیراوانى خۆپیشاندانەکانی عێراق بە ژمارە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا 40 کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون، سەرجەمى قوربانییەکانیش لە ڕەگەزى نێرن. , فازیل غەڕاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تایبەت بە ناس کوردی ڕایگەیاند: "ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەری هەیە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە، بەوپێیەی کە باری تەندروستی هەندێک لە بریندارەکان ناجیگیرە". , ئەو بەرپرسەى کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ وتیشی: "زانیارییەکانی ئێمە لە داتا و ئاماری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی وەرگیراون، بەگوێرەی دواین ئاماریش، ژمارەی  کوژراوەکان گەیشتوەتە 40 کوژراو و 2004 کەسیش برینداربوون". , غەڕاوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان هۆکاری کوژران و برینداربوون لە خۆپیشاندانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی فیشەک و بەرد، بەجۆرێک ڕێژەى ئەو کەسانەى کە بەهۆى فیشەکەوە بوونەتە قوربانى 40%، ئەوانەشى بەهۆى فیشەکی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ بونەتە قوربانى ڕێژەیان 40%، 20%یشیان بەهۆى بەردەوە بوونەتە قوربانى. , هەر بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق، زۆرترین کۆژراو لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا لە پارێزگای زیقار بوە، کە گەیشتوەتە 19 کوژراو و زۆرترین برینداریش لە شاری بەغداد بوە کە گەیشتوەتە هەزار و 74 بریندار، کە 15%ى قوربانییەکانیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن. , بە وتەی غەڕاوی، تا ئێستا هیچ ئافرتێک لەنێو قوربانییەکاندا نییە، وتیشی: "هێزە ئەمنییەکان لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئەم ساتە 456 کەسیان دەستگیرکردووە، لەو ژمارەیەش 289 کەسیان ئازاد کردووە". , "تا ئێستاش 26 باڵەخانەی حکومى سوتێندراون، کە بەشێکیان باڵەخانەی لایەنە سیاسییەکان بوون"، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق واى وت. , ماوەی چوار ڕۆژە ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی عێراق پەرەی سەندووە و هاوڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی عێراق ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، سەرباری بچڕانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ. , سەرەکیترین داواکارى خۆپیشاندەرانیش، خزمەتگوزارى و دادگەرى کۆمەڵایەتى و هەلى کار و دادگاییکردنى گەندەڵکارانە. , ,