گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕ هێشتا بەردەوامە

هەواڵی ئازادكردنی باغوز رەتدەكرێتەوە

2019.03.21 - 11:53
App store icon Play store icon Play store icon
هەواڵی ئازادكردنی باغوز رەتدەكرێتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-

بەرپرسێكی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) هەواڵی ئازادكردنی گوندی باغوزی بەشێوەیەكی یەكجارەكی لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە، رەتكردەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی راگەیاندنی هەسەدە، بڵاوی كردەوە "هێشتا شەڕی شەڕڤانانی هەسەدە لەگەڵ چەكدارەكانی داعش لەباغوز كە دواهەمین مۆڵگەی ئەو رێكخراوەیە لەسوریا، بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەش كردووە "هێشتا بەتەواوەتی باغوز ئازاد نەكراوە".

لێدوانی بەرپرسەكەی هەسەدە لەكاتێكدایە كە میدیاكانی نزیك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویان كردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) گوندی باغوز كە بەدواهەمین مۆڵگەی رێكخراوی داعش لەسوریا دادەنرا، بەتەواوەتی لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە ئازادكرا.
راگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە كە لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەكۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەخشەیەكی بچووكی نیشانی رۆژنامەنووساندا و وتی “رەنگە سوورەكانی نێو ئەم نەخشەیە ئەو شوێنانە دەردەخات كە لەشەوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەساڵی 2016دا بەدەست رێكخراوی داعشەوە بووە و نەخشەی بڵاوبوونەوەی داعش دەردەخات”.

روونیشیكردەوە “ئەمەی خوارەوە هەمان نەخشەیە بەبێ‌ بوونی رەنگی سوور، لەراستیدا تەنها خاڵێكی بچووكی سوور ماوە و پێدەچێت هەر ئەمشەو ئەوەش لەناوبچێت”.

هەروەها لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە “نزیكەی 400 سەربازی ئەمریكا لەسوریا دەمێننەوە”.

پێشتریش لەچەند هەفتەی رابردوودا ترەمپ چەند جارێك ئەوەی راگەیاندووە كە كۆتایی رێكخراوی داعش لەئان و ساتدایە و راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر ئەو رێكخراوە زۆر نزیكە.