گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ڕێگە نەدراوە پەیکەری دڵ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەشدارى بکات

2019.10.02 - 20:11
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێگە نەدراوە  پەیکەری دڵ  لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەشدارى بکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- بەڕێوبەرانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێگر بوونە لەوەى فیلمی "پەیکەری دڵ"ى دەرهێنەر شوان عەتوف بەشدارى پێبکرێت و کێبڕکێى خەڵاتەکان بکات، ناس کوردیش لەبەدواداچونێکیدا هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات. , ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2019، فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد، بڕیاریشە لەماوەی حەوت ڕۆژدا 134 فیلم و کورتە فیلم و فیلمی ئەنیمەیشنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە زمانەکانی کوردی و زمانە جیهانییەکان نمایش بکرێن، کە لە 78 وڵاتی جیهانەوە بەشدارن و کاندیدن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانى فێستیڤاڵەکە. , بەڵام لەنێو لیستى فیلمەکاندا ناوى فیلمى "پەیکەرى دڵ" بەدى ناکرێت، لەوبارەیەوە دانەر عومەر، بەرپرسی هونەری فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانى بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "فیلمی پەیکەری دڵ بابەتێکی سینەمایی نییە، بەڵکو فیلمێکی بازرگانییە و بەردەوامیش ئەو فیلمانەش لە سینەمادا نمایش دەکرێن نەوەک لە فێستیڤاڵەکاندا". , دانەر عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "پەیکەری دڵ پێشتر نمایش کراوە لە سینەماکان و لە فێستیڤاڵەکانیشدا فیلمی 'ئارت هاوس' نمایش دەکرێن، نەک فیلمی بازرگانی، بۆیە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەو فیلمە بەشداری پێنەکراوە و هۆکارەکەی ئەوەیە نەوەک بابەتێکی دیکە". , لە بەرامبەر وتەکانی بەرپرسانی فێستیڤاڵەکەى سلێمانى، بەختیار ساڵح پرۆدیوسەری فیلمی پەیکەری دڵ بە ناس کوردی وت: "ئێمە فیلمی پەیکەری دڵمان پێشنیاز کردبو بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمان،ی بەڵام لەلایەن بەرپرسانی فێستیڤاڵەکەوە پێمان وتراوە کە فیلمەکەتان تەنها وەک فیلمێک بۆ نمایشکردن دادەنێین و نایکەینە ناو لیستی ئەو فیلمانەی کە پاڵێوراون بۆ خەڵاتەکان، بۆیە ئێمەش قبوڵمان نەبوە فیلمەکە بەو شێوەیە نمایش بکرێت". , بەختیار ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد: "بەهەمان شێوە پەیکەری دڵمان پێشنیازکرد بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک، بەڵام ئەوانیش بەهۆکاری ئەوە کە ڕێگا نادەن ئەو فیلمانەی پێشتر نمایشکراون کاندیدن بکرێن لەنێو فێستیڤاڵەکەیاندا بۆ بەدەستهێنانی خەڵات، ڕیگەیان نەدا بەشدار بێت، بۆیە ئێمەش ڕازی نەبوین کە فیلمکەمان تەنها بۆ نمایش بێت و ڕێگری بکرێت لە کاندیدنکردنی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان". , پڕۆدیوسەرەکەی پەیکەری دڵ ئەوەشى خستەڕو، فیلمەکەی ئەوان کوالێتییەکی زۆر باش و جیهانی هەبوە، بەڵام بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە ڕەچاوی ئەوەیان نەکردووە و ڕێگەیان نەداوە بۆ خەڵات وەرگرتن کاندید بکرێت. , ناس کورد ئەوەى زانیوە، شوان عەتوف، دەرهێنەرى فیلمى پەیکەرى دڵ بەشدارى لە فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى سلێمانیدا نەکردووە. , فیلمی پەیکەری دڵ، تەنها لەماوەى دوو مانگى نمایشیدا نزیکەی 700 جار لە سلێمانى و هەولێر و ئەو سینەمایانەى کە ستافى فیلمەکە لە کەرکوک و ڕانیە و هەڵەبجە دروستیان کردووە نمایش کراوە، تا ئێستاش لە زۆربەى شار و پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە نمایش بەردەوامە، کە لە ماوەى ئەودوو مانگەى نمایشیدا نزیکەى 80 هەزار بینەری هەبوە، بەوەش بوە یەکەمین فیلمی سینەمایی کوردی کە بەو ڕێژەیە بینەرى هەبوبێت. , ,