گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

تینى ئاگرەکەى بەغداد دەگاتە هەرێمى کوردستان؟

2019.10.02 - 17:27
App store icon Play store icon Play store icon
تینى ئاگرەکەى بەغداد دەگاتە هەرێمى کوردستان؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى بەغدادى پایتەخت پێی نایە دووەم ڕۆژ، کە هاوڵاتییان بۆ داواکردنى خزمەتگوزارییەکانى ئاو، کارەبا و هەلى کار ڕژانە سەر شەقامەکانى بەغداد و چەند پارێزگایەکى دیکەى باشوری عێراق، تاکو ئێستاش بەردەوامیان هەیە، بەگوێرەى دواین ئاماریش سێ خۆپیشاندەر کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربوون. , چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لە دەستی حیزبە سیاسییەکان دەرچوە، شەقامی عێراقیش هێندە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی ڕەوشی ئیداری و سیاسی توڕەن، ڕەنگە ئەمجارەیان نەتواندرێت سەرکردەیەک یان حیزبێکی سیاسی سەر ئەو شەپۆلە فراوانەى ناڕەزایەتى بکەوێت و خۆی بکات بە خاوەنی. , پەرەسەندنى خۆپیشاندانەکان و کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان؟ , هەندێ لە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ڕەنگە فشارەکانى خۆپیشاندەران بگاتە ئاستێک، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق ناچار بێت دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەوەش بۆخۆی کێشەیەکی دیکە دەهێنێتە ئاراوە، بەوەى لەسەردەمى کابینە نوێکەى حکومەتى عێراق قۆناغێکى نوێی پەیوندى لەنیوان هەرێم و بەغداد هاتوەتە ئاراوە وەک لایەنە کوردییەکان باسیان لێوەکردووە، شوان تەها، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "خۆپیشاندان لەڕوی دەستورییەوە مافێکی سروشتى هەمو هاوڵاتییانە ئەوەش دەبێت لەچوارچێوەی یاساکان و مافە ڕەواکاندا بێت". , ئەو بەرپرسەى پارتى ئەوەشى وت: "خۆپیشاندانەکان خۆڕسکانەن، خەڵک داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی کردووە، کە خۆیان لە بنبڕکردنی بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کار و چەند داوایەکى تر دەبینێتەوە". , بەڕاى شوان تەها، توندووتیژی حکومەت بەرامبەر خۆپیشاندران ئەگەری هەیە ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن و بە ئاقارێکی دیکەدا بچێت، بەوەش ئاستی داواکارییەکان بەرزتر و زیاتر دەبن و ڕەنگە ئەنجامی خراپترى لێبکەوێتەوە. , ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێکی سیاسی عێراقی بەشێوەیەکی فەرمی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانان نەکردووە، بەڵام چەند لایەنێکی سیاسی دەیانەوێت سواری شەپۆلەکە بن، خۆپیشاندانەکان لە خەڵک بدزن. , "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە بەغداد و چەند شارێکی دیکەی عێراق، دژ بە خودی سەرۆکوەزیران نییە، بەڵکو دژ بەو کێشە کەڵەکەبووانەی حکومەتەکانی پێش عادل عەبدولمەهدییە"، شوان تەها واى وت. , وتیشی: "دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی، کێشەکانى عێراق چارەسەر ناکات".     https://www.youtube.com/watch?v=VopjdYaeYn8&t=79s , لاى خۆشیەوە پەرلەمانتارێکى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی پێیوایە، خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتییانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی ناچار دەکات وەک جاران بە دەستکراوەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مامەڵە نەکات. , میران محەمەد، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند: "نابێت هەر خەڵک هاته سەر شەقام و داوای مافی ڕەوای خۆی کرد، بوترێت ئەمانە دەستی وڵاتێکی دیکەیان لەپشتەوەیە و ئەجێندای سیاسی لایەنیک جێبەجێدەکەن". , ئەو پەرلەمانتارەى عێراق وتیشی: "بەڕاستی خەڵکی عێراق زۆر ماندوون، بێکاری، هەژاری، نەخۆشی و نەبوونی خزمەتگوزاری تەنگی پێی هەڵچنیون، دەبوایە لەدوای کۆتایی شەری داعش حکومەتی عێراق ئاوڕی لەو کەرتانە بدایاتەوە". , ئەندامە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕو، دوای ئەم خۆپیشاندانانە بۆ لەمەودوا عادل عەبدولمەهدی ناتوانێت وەک پێشتر دەستکراوە بێت لە مامەڵکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە وێڕای ئەوەی لەوباریەوە فشاری لایەن سیاسییەکانی لەسەرە، لەئێستاشدا دووچاری فشاری جەماوەریش بووەتەوە. , میران محەمەد، نەیشاردەوە، مان و نەمانی عادل عەبدوڵمەهدی لە پۆستەکەی، هیچ ناگۆرێت بۆ عێراقییەکان، چونکە ئەوان خۆپیشاندانیان نەکردووە دژ بە کەسێک، بەڵکو خۆپیشاندانەکان دژ بە گەندەڵی پڕۆسەی سیاسی و حکومەڕانی عێراقە بەگشتی. , "حکومەتە یەک لەدواییەکەکانی عێراق سەرەڕای ھەبوونی بودجەیەکی گەورە و داھاتێکی بێسنور، کەچی ھێشتا دانیشتوانی ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق به‌ده‌ست نەبوونی چەندین خزمەتگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، شەرمەزارییە بۆ حکومەتی عێراق دوای 15 ساڵ حوکمڕانی، نەتوانێت تەنانەت یەک نەخۆشخانەی 300 قەروێڵەیی لە عێراقدا دروستبکات"، میران محەمەد، پەرلەمانتاری عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی وای وت. , بەگوێرەى دوایین ئامارى خۆپیشاندانەکانى ئەم دوو ڕۆژە، تا ئێستا سێ کەس کوژراون و بەسەدانى دیکەش بریندار بوون، خۆپیشاندانەکانى بەردەوامییان هەیە و تەشەنەى سەندووە. , ,