گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنەکە نەمردووە

یەکێتى و گۆڕان چاویان لە زیندوکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشانە

2019.10.02 - 15:47
یەکێتى و گۆڕان چاویان لە زیندوکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشانە
ناس کورد-   یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان چاویان لەوەیە دواى کۆنگرەى یەکێتى لە مانگى 12ى ئەمساڵدا، ڕێککەوتنى دەباشانى نێوانیان زیندوبکەنەوە، دواى نزیکەى دوو ساڵ لە هەڵپەساردنى ڕێککەوتنەکە لەلایەن گۆڕانەوە. . زیندووكردنه‌وه‌ى ڕێكکه‌وتنەکە لە ئێستادا، جێگەى باوەڕى به‌رپرسانى گۆڕان نییه‌ و به‌ "مانۆڕى میدیایى" دەزانن بۆ وه‌رگرتنى ده‌ستكه‌وت له‌ پارتى، بۆیە دەڵێن تا دواى کۆنگرە ناتوانرێت کارابکرێتەوە، بەرپرسانى یەکێتیش هاوڕان لەسەر ئەوەى کاراکردنەوەکە بکەوێتە دواى بەستنى کۆنگرە. . دیدار یان ڕێککەوتنى دەباشان؟   پاش نزیكه‌ى چوار ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنى گۆڕان و به‌رده‌وامى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، بۆ یه‌كه‌مینجار جه‌لال تاڵه‌بانى و نه‌وشیروان مسته‌فا  لەساڵى 2012 دیدارێكیان له‌ ده‌باشان ئه‌نجامدا و جەختیان کردەوە کە وتوێژیان له‌باره‌ى گۆڕینى سیستمى سیاسییەوە کردووە و باسیان لە هەڵدانەوەى پەڕەیەکى نوێى سیاسیش بەتایبەت لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا کردووە. . دواى ده‌ركردنى گۆڕان له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ 17ى ئایارى 2016، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى ڕێكه‌وتنێكى گشتگیریی سياسيیان واژۆكرد، بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانیان و گۆڕینى بنەماکانى سیستمى حوکمڕانى. . پاشماوه‌یه‌ك گۆڕان، یه‌كێتى به‌جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ تۆمه‌تباركرد و لەکۆتایی ساڵى 2017 دا ڕێککەوتنەکەى هەڵپەسارد. .

یەکێتى و گۆڕان چى دەڵێن؟

لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژى یەکێتى کۆبوونەوەى حزبەکەى و گۆڕانى بە پێویست زانى بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانى نێوانیان، کە بەپێی بەدواداچونەکان پێدەچێت بەم نزیکانە ئەو دوو حزبە کۆبنەوە و یەکێک لە پرسەکانیشیان تاوتوێکردنى ڕێککەوتنى دەباشان بێت. . حامیدى حاجى غالى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "وه‌كو بۆچوونى خۆم پێمباشه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا هێوهر و برایانه‌ بێت، ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ داواى زیندوكردنه‌وه‌ى ڕێكه‌وتننامه‌ى ده‌باشان ده‌كه‌ن پرسکە بخەنە دواى كۆنگره‌ى یه‌كێتیه‌وه‌ باشتره‌". . بڕیارە یەکێتى لە حەوتى مانگى 12ى ئەمساڵدا چوارەمین کۆنگرەى ببەستێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ بەستنى کۆنگرەکە لەوادەى خۆیدا بەردەوامە. . ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى وتى "چاوه‌ڕوانده‌كرێت گۆڕانكاریه‌ك بێته‌ ئاراوه‌ و كه‌ش و هه‌واى سیاسیش بۆ زیندوكردنه‌وه‌ى ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ بێته‌ ئاراوه‌. یه‌كێتى به‌م فۆرمه‌ى ئێستایه‌وه‌ ناتوانێت بگاته‌ ڕێكکه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بۆیه‌ بكه‌وێته‌ دواى كۆنگره‌ باشتره‌". . له‌سه‌ر وته‌ى به‌رپرسانى گۆڕانیش كه‌ یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى ده‌باشان، ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى دەڵێت  "بۆ ئه‌وكات ڕاستبوو گرفته‌كه‌ لاى یه‌كێتیه‌وه‌ بوو به‌ڵام ئێستا و داهاتوو نازانم". . پرسی زیندووکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشان لەنێوان گۆڕان و یەکێتى، هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایی هەردوولا لەسەر جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتى و دیار نییە ئەم دوو پرسە تا چەند پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. . نزار محەمەد ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بەناس کوردى ڕاگەیاند "ڕێكکه‌وتنى دەباشان گشتگیر و فراوان بوو بۆ چاكسازیى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت به‌سیستمێك كوردستان بپارێزرێت و كه‌سیش بێ منه‌ت نه‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتى جێبه‌جێی نه‌كرد و وازیشى لێهینا". . وتیشى "پێموانییه‌ له‌ ئێستا جۆرێك ڕێكه‌وتن یاخود كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ له‌ئارادا بێت، یه‌كێتى بۆ مانۆڕى میدیاى ئه‌و شتانه‌ باس ده‌كات و هیچ هه‌وڵێكى جدیشیان بۆ ئه‌و كاره‌ نییه‌". . نزار محەمەد باسى لەوەش کرد،  ئێستاش له‌حكومه‌ته‌ خۆجییه‌كان یه‌كێتى  "كێشه‌ بۆ گۆڕان دروستده‌كات"، دەیەوێت ئەو پۆستانەى پێیدراوە وەریبگریتەوە  و ئه‌و پۆستانه‌شى ناداتێ کە  هيشتا  ڕادەستى نەکردوون. . "به‌بۆچوونى خۆم جگه‌ له‌مانۆڕى سیاسى هیچى تر نیه‌ ڕه‌نگه‌ بیانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ شتى تر به‌ده‌ستبهێنین و ئه‌وه‌ى كه‌ من لێیانم بینیوه‌ به‌تایبه‌تى له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ به‌ره‌و پێشچونێك له‌نیه‌تیشیاندا نیه‌ به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ربه‌ست دروستبكه‌ن"، نزار محەمەد واى وت. . ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان پێیوایە، یه‌كێتى ئێستا چه‌ند به‌ش و باڵێكن و ڕێکەوتنەکەیان  پێ جێبەجێناکرێت، بەوتەى ئەو، جارێ پێشوو مه‌لا به‌ختیار دژى بووە بۆیە هەڵوەشاوەتەوە و بەو شیوەیەى لێهاتووە. . لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونى نزار محەمەد، ڕێککەوتنەکە نەمردووە و ئەگەرى زیندووىکردنەوەى هەیە "ڕێککەوتنەکە كۆتایى پێنه‌هاتووه‌، مومكینه‌ دواى كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى كه‌ سه‌ركردایه‌تى تر و به‌هێز هه‌ڵبژێرن بتوانرێت زیندوبكرێتەوە، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێتى سه‌ركردایه‌تیه‌كى به‌هێز و یه‌كگرتووى نه‌بێت ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ زیندوونابێته‌وه‌".