کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عادل عەبدولمەهدى پەیامێکى لەبارەى خۆپیشاندانەکانى بەغدا و چەند پارێزگایەکى دیکەى عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جیاوازى ناکات لەنێوان خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازانە و ئەوانەى مافى دەستورى خۆیان بەجێدەهێنن، لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییانەى دەیانپارێزن. . بەپێی بەیاننامەیەکى نوسینگەکەى، عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، کە ئەرکە لەپێشینەکانیان وەڵامدانەوەى سەرجەم داخوازییەکانى هاوڵاتییان و دۆزینەوەى چارەسەرى ڕاستەقینەیە بۆ کێشە کەڵەکەبووەکان. . جەختیشیکردووەتەوە "تا ئێستاش سوورین لەسەر ئەو بەڵێنانەى بە گەلمان داوە لە کارنامەى وەزارى حکومەتدا". . عادل عەبدولمەهدى باسى لەوەشکردووە، خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازانە و هێزە ئەمنییەکان کە دەیانپارێزن، جیاوازن لەوانەى هێرشیان کردووە و جۆرە دروشمێکیان بەرزکردووەتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمى گشتى و ئاشتى خەڵک. . ئەوەشى خستووەتەڕوو، لێکۆڵینەوەى خێرا دەستپێدەکەن لەبارەى هۆکارى ڕوودانى ئەو ڕووداوانەوە.