کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا بۆ دەنگدەران و جەماوەریی یەكێتی ئاماژە بە ئەگەری چوونەدەرەوەی لە حكومەت دەكات و بەڵێن دەدات لە "دەرەوەى" حکومەتیش خزمەت بکات. . قوباد تاڵەبانی پەیامەکەى لە هەژمارە فەرمییەكانی خۆی لە تویتەر و فەیسبوك بڵاوکردووەتەوە بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى 30 ئەیلولی 2018. https://twitter.com/qubadjt/status/1178728279643217926?s=20 لەو کورتە پەیامەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی متمانەى ئەو 182 هەزار دەنگە دەکات کە "لیستی یەکێتى و مام-یان سەرخست" لە هەڵبژاردنەکەى ساڵی 2018ەدا. . قوباد تاڵەبانى نوسیویەتی، "لە ھەرکوێیەک بم، لە حكومەتدا یان لە دەرەوەی، خزمەتکردنی ئێوە بەئەركی سەر شانی خۆم دەزانم." . ئاماژەکەى قوباد تاڵەبانى دوای ڕۆژێک هات لە لێدوانەکەى بافڵ تاڵەبانى کە لە وەڵامی کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى ناوبراو وەک جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کابینەى نوێ و نیگەرانییەکانیان لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەى پارتی و یەکێتى، بافڵ تاڵەبانی وتبوو، "هێشتا هیچ دەسەڵاتێک نەدراوە بە قوباد تاڵەبانى تاوەکو کەمبکرێتەوە." . "ڕەنگە دەستلەکارکێشانەوە ڕووبدات" لەوبارەیەوە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیگەرانیی حزبەکەی لە دیارینەکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی پشتڕاستکردەوە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "نیگەرانییەکان گەیشتووەتە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و برادەرانی پارتی خۆشیان ئەوە دەزانن کە یەکێتی نیگەرانە لەو دۆخە، بەڵام تائێستا هەڵوێستیان نەبووە". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەربارەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە پۆستەکەی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بێت ڕەنگە ئەوە ڕووبدات، چونکە یەکێتی کاربەدەستێکی ناوێت کە دەسەڵاتی نەبێت، بەڵام هیوادارین ئەوە ڕوونەدات و دۆخەکە نەگاتە بیرکردنەوە لە دەستلەکارکێشانەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە هەرێم".