ناس کورد- شەهرام عەزیز
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 1ى تشرینى یەکەمى 2019) لایەنە سیاسییەکانی هەرێمى کوردستان بۆ دیاریکردنی سەرۆک و لۆگۆی هاوپەیمانی کوردستانی لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان کۆدەبنەوە و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت "چەند ناوێک بۆ سەرۆکی لیستەکە پاڵێوراوون".
.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند :" کاتژمێر 11:00ی ئەمڕۆ (سێشەممە) سەرجەم لایەنە بەشداربووەكان لە هاوپەیمانی کوردستانی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆدەبینەوە".
.
وتیشی، چەند ناوێک بۆ سەرۆکی لیستەکە پاڵێوراوون و لە کۆبوونەوەکەدا کەسێک یەکلایی دەکەنەوە، هەروەها لۆگۆی هاپەیمانێتییەکە دیارى دەکەن.
.
سەرەتای ئەم هەفەتەیە لایەنە سیاسییەکان، جگە لە نەوەی نوێ لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکەن، کە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 ئەنجامبدرێت.
.