گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

فێڵ لە هاووڵاتیان دەکەن

دوو پەرلەمانتار سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای ئاسیا سیڵ و کۆڕەک تیلیکۆم تۆمار کرد

2019.09.30 - 19:48
App store icon Play store icon Play store icon
دوو پەرلەمانتار سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای ئاسیا سیڵ و کۆڕەک تیلیکۆم تۆمار کرد

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد – دوو پەرلەمانتاری کوردستان بەهۆی گرانی نرخی کارتی باڵانسەوە سکاڵایان لەسەر هەردوو کۆمپانیای ئاسیا سیڵ و کۆڕەک تیلیکۆم تۆمار کرد و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو دوو کۆمپانیایە "فێڵ" لە هاووڵاتیان دەکەن. . ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2019)، لەبەردەم دادگای هەولێر، هەریەکە لە هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و جەلال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵایان لەسەر هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم  تۆمارکرد. . لە سکاڵاى ئەو دوو پەرلەمانتارەدا کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە :"هەردوو  کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک ، هەستاون بە جۆرێک لە فێڵکردن لەگەڵ بەشداربوانی خۆیاندا ئەویش بە فڕۆشتنی باڵانسی کارتی پێنج هەزاری بە شەش هەزار و کارتی 10 هەزار دیناری بە 12 هەزار دینار، ئەوەش زەرەر و زیان لە هاوڵاتیان دەدات و هەروەها پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە و دژی هەردوو ماددەی 456 و 453ی یاسای سزادانی عێراقە و داواکارین ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتە بەر". . لەبارەی سکاڵاکەوە هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"ماوەی سی ساڵە ئەو کۆمپانیایانە هاووڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و پارەی کارتیان بە گران لێدەسێنن و هیچ مەعقول نییە، کارتێک بەبەهای پێنج هەزار باڵانسی تێدایە و لەسەری نووسراوە پێنج هەزار بەڵام بە شەش هەزار بفڕۆشرێتە هاووڵاتیان و ئەوە کارێکی نایاساییە بۆیە سکاڵامان تۆمارکردوە تا مافی هاووڵاتیان وەربگرینەوە". . وتیشى، نوێنەری هەردوو کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک بانگهێشتی دادگا دەکەن و داوا دەکەن حکومەت کارێک بکات کە ئەو کۆمپانیایانە هاووڵاتیان قەرەبوو بکەنەوە. . پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى یەکێتى "پاساو"ى ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ گرانکردنى کارتەکانیان بەوەى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ناچار بەو کارە کراوون، بە ناڕاست دەزانێت و دەشڵێت "ئەگەر بشزانین دادگاکانی هەرێم هیچیان پێ ناکرێت دەچینە دادگای عێراق و لەسەر سکاڵاکەمان بەردەوام دەبین". . وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆکارى گرانکردنى کارتى پەیوەندى ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ بڕیارێکى حکومەتى عێراق دەگەڕێنێتەوە سەبارەت بە زیادکردنى لەسەدا 20ى باج لەسەر ئەو کۆمپانیایانەى پەیوەندیکردن و ئاماژە بەوە دەکات لەبەر ئەوە ئەو کۆمپانیایانە نرخى کارتەکانیان گران کردووە.   . ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ناس کوردی وت "ئێمەش نیگەرانی خۆمان بە فەرمی بە نوێنەران و بەرپرسانی کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک ڕاگەیاندوە داوامان لێکردوون کە ئەو نرخانە کەم بکەنەوە چونکە تەنها هاووڵاتیان و بەکاربەران باجەکەی دەدەن و کۆمپانیاکانیش ئەو باجەی لەسەریانە بە هاووڵاتیانی دەدەن". . ئاشکراشى کرد، بەفەرمی داوایان کردوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020دا دەستکاری ئەو بڕگەی باجەی سەر کۆمپانیاکان بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زەرەر نەکەن. . پسپۆڕێکى ئابورى لەو بڕوایەدایە ئەو کۆمپانیایانەى بوارى پەیوەندیکردن هەلى خراپیان لە بڕیارى باج سەپاندنەکەى پەرلەمانى عێراق وەرگرتووە و لەجێی ئەوەی خۆیان باجەکە بدەن باجەکەیان گواستووەتەوە بۆ سەر شانی هاووڵاتی و خۆیان لە باجەکە دزیوەتەوە. . خالید حەیدەر، پسپۆڕی بواری ئابوری بۆ ناس کوردی روونکردەوە "دەبوو هەر ئەو کاتەی کە ئەو کۆمپانیانە نرخی کارتەکانیان گران کرد حکومەتی عێراق و هەرێم ڕێگرییان بکردایە، چونکە ئەوە باجەکە هاووڵاتیان دەیدەن و کۆمپانیاکانیش لەپێشتر زیاتر ڕێژەی قازانجیان زیاد بووە". .