گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

زیادکردنى دەوام کێشەى کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەنانەت تەندروستی و دەرونیشى دروستکردووە

یاداشتێک بۆ کەمکردنەوەى دەوامى فەرمانبەران ئاڕاستەى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت

2019.09.29 - 20:49
App store icon Play store icon Play store icon
یاداشتێک بۆ کەمکردنەوەى دەوامى فەرمانبەران ئاڕاستەى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح بۆ خستنەڕوی لایەنە نەرێنییەکانی درێژکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی حکومەت، یاداشتێک ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. , محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "درێژکردنەوەی دەوامی فەرمی، فەرمانبەرانی حکومەتی دووچاری کێشەیەکی زۆرکردوەتەوە لەڕوی کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەنانەت تەندروستی و دەرونیشەوە". , بەگوێرەى زانیارییەکانى محەمەد گۆمەشینى درێژکردنەوەی دەوامی فەرمی باری ئابوری فەرمانبەرانی قورسکردووە، بەجۆرێک پێش ئەو بڕیارە 30%ى فەرمانبەران لە فەرمانگەکانیاندا نانی نیوەڕۆیان دەخوارد، بەڵام لەئێستادا 60%یان بۆ خواردنی ژەمی نیوەڕۆ پەنا بۆ چێشتخانەکان و خواردنەگەکان دەبەن، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر بارى داراییان. , وتەبێژەکەی دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستەڕو، مانەوەی فەرمانبەران لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا سێی پاشنیوەڕۆ لە فەرمانگەکانیان ودانیشتنیان بۆماوەیەکی زۆر بەبێ وچان، توشی چەندین کێشەی تەندروستیشیان دەکات، هەروەها بەهۆی دواکەوتنی ژنە فەرمانبەرەکانەوە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، دووچاری چەندین کێشەی خێزانیانی کردووەتەوە. , لەبارەى چارەسەرى ئەو دۆخەى کە باسى کردووە، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ دوو پێشنیاری لە یاداشتێکدا خستوەتەڕو، تیایدا دەڵێت: "یەک کاتژمێر کەمکردنەوەی دەوام و چارەسەرکردنى کێشەی جەنجاڵی شەقامەکان لە سەرەتای دەوام و کۆتایی دەوام و قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە دەستپێکی دەوامی فەرمانبەراندا، ئەو دۆخەی ئێستا چارەسەر دەکات". , هاوکات ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان پێشوازی لە هەموو داواکارییەکی ڕەوا دەکەن و بەوردی خوێندنەوەی بۆ دەکەن، پاشان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن. , خەدیجە عومەر تەها، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەوبارەیەوە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەموو پێشنیارێکی ئەرێنین، کە لە بەڕژەوەندی خەڵکی هەرێم بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات ئەو یاداشتە ئاڕاستەی ئەوان بکرێت، بە وردی دیراسەى دەکەن لەدواییشدا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەن. , ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، کە درێژکردنەوەی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان تاڕادەیەک کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی فەرمانبەرە ئافرەتەکان، بەو هۆیەشەوە ئەوان لە داهاتودا بیر لە چارەسەرێک دەکەنەوە بۆ ئەو پرسە. , "لەئێستادا حکومەت ماوەیەکی کەمە دەستبەکاربوە، درێژکردنەوەی دەوامی فەرمیش لە پەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بڕیاری لەسەر دراوە، دەکرێت لە داهاتودا وەک پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری ئەو پرسە پێشکەش بە حکومەت بکرێت"، خەدیجە عومەر تەها، وای وت. , محەمەد گۆمەشینی یاداشتەکەى وەک دەستەی مافی مرۆڤ پێشکەش ناکات، بەڵکو وەک پسپۆڕێکی کۆمەڵناسی و توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، ئەو یاداشتەى ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، لە ئێستاشدا لە هەوڵى کۆکردنەوەى تەواوى بەڵگەکان و ئەنجامدانى ڕاپرسییەکە بۆ ئەو مەبەستە. , ,