گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەمەودوا پەرلەمانتار دەتوانێت فراکسیۆن جیا بکاتەوە.. نەوەى نوێ نیگەرانە

2019.09.29 - 13:50
لەمەودوا پەرلەمانتار دەتوانێت فراکسیۆن جیا بکاتەوە.. نەوەى نوێ نیگەرانە
ناس کورد- پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی هەموار کردەوە و جوڵانەوەی نەوەی نوێش ڕەخنەی لە هەموارکردنەوەى مادەی 110ی لە پەیڕەوەکە گرت و ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو هەموارە ئیتر پەرلەمانتار دەتوانێت فراکسیۆن جیابکاتەوە یاخود بچێتە ناو حزبێکی دیکە. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی ئەیلولی 2019، پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان هەموارکردەوە، کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەگوێرەی بڕگەیەکی ئەو هەموارە، هەر پەرلەمانتارێک بیەوێت دەتوانێت لە فراکسیۆنەکەی بچێتە دەرەوە یاخود بچێتە ناو فراکسیۆنیکی دیکە". . وتیشی، ناکرێت پەرلەمانتارێک بەهۆی حزبێکەوە دەنگی هێنابێت و شوێنکەوتووانی ئەو حزبە دەنگیان پێدابێت و دەنگی ئەو هاوڵاتیانە بباتە ناو حزبێکی دیکەوە و لە فراکسیۆنیکەوە بچێتە ناو فراکسیۆنێکی دیکە. . سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو بڕگەیە پیلانێکی یەکێتی و پارتی بوو دژی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەگشتی و نەوەی نوێ بەتایبەتی، چونکە ئیتر دەتوانن پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان بکڕن و سەنگەریان پێ بگوازنەوە بۆ لای خۆیان". . هاوکات کازم فاروق باسی لەوەکرد، بەگوێرەی بڕگەیەکی دیکەی هەموارکردنەوەکە، هەر پڕۆژەیاسایەک کە پەرلەمان کاری لەسەر دەکات، ئەگەر لایەنێکی ئابوری تێدا بێت، ئەوە پێویستە سەرەتا بینێرێت بۆ حکومەت و ئەویش دەتوانێت ڕەتیبکاتەوە، واتە حکومەت پەرلەمان بەڕێوەدەبات.