گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: داتاى موچەخۆرانى هەرێممان رادەستى بەغدا کردووە [تایبەت]

2019.09.26 - 22:02
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: داتاى موچەخۆرانى هەرێممان رادەستى بەغدا کردووە [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، رایگەیاند، لەماوەکانى ڕابردوودا هەموو وردەکارییەکیان لەسەر ژمارە وداتای مووچەخۆرانى هەرێم ڕادەستى بەغدا کردووە و لەئێستاشەوە ئامادەن لیستى مووچەخۆرانى سەر بەوەزارەتى پێشمەرگەش ڕادەست بکەن. . سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند " ناردنى ئەو 317 ملیار دینارەى کە مانگانە حکومەتى فیدراڵى لەدواى ڕووداوەکانى ڕیفراندۆمەوە بۆ هەرێمى کوردستانى دەنێرێت لەسەر بنەماى ڕادەستکردنى لیستى مووچەخۆرانى هەرێمە بەحکومەتى فیدراڵ".   . دواى ئەنجامدانى ریفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستان و لەپاش ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2019، دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەستیانپێکرد، بەمەبەستى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن حکومەتى بەغداوە کە لەساڵى 2014  لەلایەن بەغداوە بەهۆى بڕیارى فرۆشتنى نەوتى هەرێم بەسەربەخۆیى بڕدرا. . لەمانگى کانوونى دووەمى ساڵى 2018 چەند تیمێکى دیوانى چاودێرى دارایى حکومەتى فیدراڵ هاتنە شارەکانى هەرێم و وردبینیەکى سەرەتاییان لە لیستى مووچەخۆرانى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستیدا کرد. . سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختی لەوە کردەوە، لیستى موچەخۆرانى هەرێم کە بەپێى سیستمى بایۆمەترى تۆمار کراوە و هەموو موچەخۆرانى هەرێمى لەخۆگرتووە لەوانە، خانەنشین  و سەربازى و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و فەرمانبەرانى شارستانی لەلایەن خودى خۆیەوە ڕادەستى ئەو تیمانە کراوون کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە بۆ وردبینى لیستى موچەخۆرانى هەرێم هاتبوونە  شارەکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک. . سەمیر هەورامى ئەوەشى ڕوونکردەوە، بە ئامار و بەداتا و بەفەرمى ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێم ڕادەستى حکومەتى فیدراڵ کراوە کە سەرجەمیان بریتین لە ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر. . لەبارەى نەناردنى لیستى مووچەخۆرانى سەر بەوەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم کە زۆرجار گرفتى بۆ دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دروستکردووە، ڕاوێژکارەکەى قوباد تاڵەبانى وتى "لەمانگى یەکى ئەمساڵەوە دەبوایە بۆ هەموو مانگێک 68 ملیار دینار بودجەى مووچەى پێشمەرگە لەبەغداوە بهاتایە بۆ هەرێم، بەڵام وا بۆ نۆ مانگە ئەو بڕە پارەیە لەبەغداوە نەهاتووە و دواهەمینجار داوای میلاکات و لیستى مووچەى وەزارەتى  پێشمەرگەیان کردووە ئامادەشین ئەو لیستە بنێرین". . بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى ناس کورد، لەسەردانەکانى ئەمدواییەى شاندى حکومەتى هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستى دەستپێکردنەوەى گەڕێکى نوێى دانوستانەکان، ڕاپۆرتێکى ورد بەداتا و ئامارى ورد لەسەر ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێم و سەرجەم وردەکارى ئەو قەرزانەى لەسەر هەرێم کەڵەکەبوون ڕادەستى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق کراوە. .   وتەکانى وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دواى ئەوە هات، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26ى ئەیلولى 2019) عەقیل ڕەدینى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى نەسڕ لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند "حکومەتى هەرێم ڕێگرى دەکات لەوەى دیوانى چاودێرى دارایى بچێتە هەرێمى کوردستان و وردبینى لە لیستى مووچەخۆرانى فەرمانبەرەکانیدا بکات.   . ڕەدینى وتیشى :"پێی سەیرە سەرۆک وەزیرانى عێراق زیادەڕەویى بە سەروەت و سامانى وڵاتەوە دەکات و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و هێزەکانى پێشمەرگە ڕەوانە دەکات بەبێ وردبینیکردن لەلیستى موچەخۆرانیان و هەروەها بێ ئەوەى هەرێم پابەندى یاسای بودجەى ئەمساڵ بێت". . پەرلەمانتارەکەى هاوپەیمانى نەسڕ کە حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق سەرۆکایەتى دەکات لەو بڕوایەدایە هۆکارى رێگریکردنى حکومەتى هەرێم بۆ چوونى دیوانى چاودێرى دارایى بوونى زیادەڕوى زۆرە لەلیستى مووچەخۆرانی هەرێمدا. . داواشى کردووە سەرۆک وەزیرانى عێراق ناردنى مووچە بۆ هەرێم  ڕابگرێت و لەسەر ئەو پرسەش بانگهێشتى پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە بکرێت. .   پێش دەستپێکردنى گفتوگۆکان لەبارەى پەسەندکردنى پڕۆژە  یاساى بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق، دانوستانەکانى هەرێم و بەغداد بەچڕى دەستیان پێکردووە و هێشتا ئاکامى کۆتاییەکەى ئاشکرا نەکراوە و لەلایەن چەند فراکسیۆنێکى پەرلەمانیشەوە فشارەکان بۆ سەر سەرۆک وەزیرانى عێراق بەردەوامە بۆ ئەوەى ئەو ڕەخنانەیان لەسەر بودجەى ساڵى ڕابردوو هەیە چارەسەر بکرێت. . ئەو فراکسیۆنانە لەو بڕوایەدان هەرێم پابەندى یاسای بودجەى 2019نەبووە، بەو هۆیەوە داواى ڕەوانە نەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەکەن بۆ ساڵى ئایندە. .