گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى عێراق لەبارەى دەرمانێکەوە هۆشدارى دەداتە هەرێم.. مادەى شێرپەنجەى تێدایە

2019.09.26 - 21:08
وەزارەتى تەندروستى عێراق لەبارەى دەرمانێکەوە هۆشدارى دەداتە هەرێم.. مادەى شێرپەنجەى تێدایە
ناس کورد- دامەزراوەی دەرمانی کوردستان، راگەیەندراوێکى لەبارەى هۆشدارییەکى وەزارەتى تەندروستى عێراق لە بارەى بوونى مادەى شێرپەنجە لە دەرمانێکدا بڵاوکردەوە کە ئاراستەى هەرێمى کوردستان و  پارێزگاکانى ترى عێراق کراوە. . لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی فەرمانێکی وەزاریی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بە ژمارە (63193) لە فەرمانگەی کاروباری هونەریی وەزارەتی تەندروستی عێڕاق، بەشی دەرمانسازی لە بەرواری (26/9/2019) کە بۆ کوردستان، بەغدا، سەرجەم پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە، تێیدا ئاگادارکردنەوەیەک دەدات بەهۆی بوونی ماددەی شێرپەنجەیی N-nitrosodimethylamine (NDMA) لەناو دەرمانی رانیتیدین – ranitidine ". . بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، بەپێی فەرمانەکە دەبێت حکومەت بە ئاگادارییەوە رانیتیدین بۆ نەخۆشخانەکانی بکڕێت. . ئەوەش روونکراوەتەوە، نەخۆش دەتوانێت لەڕێی راوێژکردن بە پزیشک و دەرمانساز دەرمانەکەی بگۆڕێت یان بەردەوامبێت لەسەر وەرگرتنی، بەڵام دەبێت تەنها ئەو دەرمانانە بکڕێت کە پشکنینی بۆ کراوە و ستیکەری لەسەرە. . جەختیش کراوەتەوە، دەرمانی رانیتیدین کە لە دەرمانخانەکان و کۆگاکاندا هەیە ناکێشرێتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر ئاستی نەخۆش، پزیشک، دەرمانساز و نەخۆشخانەکان راپۆرتی کاریگەریی لاوەکی لەسەر دەرمانەکە بدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار. . بەپێی لێکۆڵینەوە جیهانییەکانی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA و دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی EMA بڕی ماددەی شێرپەنجەیی NDMA لەناو رانیتیدیندا زۆر کەمە و هەمان بڕ لەناو هەندێک خۆراکدا هەیە. . دامەزراوەکە دڵنیایى ئەوە دەدات بە هاووڵاتیان کە ئەوان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا چاوەڕێی ئەنجامی زیاتر و وردتری خۆیان و راپۆرتەکانی دامەزراوەکانی دەرمان لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکەن، چونکە تا ئێستا ئەنجامەکان سەرەتاین. . دەرمانی رانیتیدین بۆ چارەسەرکردنی ترشەڵۆکی و گەدەکزێ بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو لەلایەن خەڵکەوە بەکاردەهێنرێت، ئەو دەرمانە دەتوانرێت لەڕێی راوێژی پزیشک یان دەرمانساز وەربگیرێت. .