گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خانوویه‌ك پڕۆژەیەکی گرنگی کەلاری وەستاندووە.. شارەوانی قسەى تری هەیە

2019.09.26 - 15:38
App store icon Play store icon Play store icon
خانوویه‌ك پڕۆژەیەکی گرنگی کەلاری وەستاندووە.. شارەوانی قسەى تری هەیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد - دڵشاد سه‌ید عه‌لی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، خانوویەک بووەتەهۆی وەستاندنی کارکردن لە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانى کەلار و سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لاریش ده‌ڵێت، "ئەوان زانیارییان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نییە." . پڕۆژەى بەستنەوەى بازاڕی كه‌لار بە ڕوباری سیروان لەڕێی شەقامێکەوە، به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین پڕۆژه‌كانی كه‌لار داده‌نرێت كه‌ شاره‌وانی شارەکە بودجه‌ی بۆ ته‌رخان کردووە، له‌ ئێستادا بەشێکى کەمی پڕۆژه‌كه‌ تەواو بووە و ئیشکردن تێیدا وه‌ستاوه‌، خانوویەک له‌ ناو پڕۆژه‌كه‌ به‌ پێوه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌شێكی بروخێنرێت. . محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی بە ناس كوردی ڕایگه‌یاند: "دوێنێ (25ی ئەیلولی 2019) له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ یاداشتێكمان داوه‌ته‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاره‌وانیدا قسه‌ بكات بۆ لابردنی ئه‌و خانووە." . ئاماژەى بەوەشکرد: "ناكرێت پڕۆژه‌یه‌كی وا ستراتیژ و گرنگ كه‌ چه‌ند ساڵه‌ خه‌ڵكی گه‌رمیان چاوه‌ڕوانی دەکەن بۆ ئه‌وه‌ی شاری كه‌لار و ڕوباری سیروان ببه‌ستێته‌وه،‌ بەڵام خانوویه‌ك ببێتەهۆی ڕاوەستان و تێکدانی پڕۆژەکە." . لەبارەى قسه‌كانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، ئەکرەم ساڵح، سەرۆکى شارەوانى قەزاى کەلار به‌ ناس كوردی ڕاگه‌یاند: "ئه‌وان زانیاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییە و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانین داهات سه‌رف بكه‌ین بۆیه‌ جیبه‌جێ ناكرێت." . ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئه‌و خانووەی به‌ر پڕۆژه‌كه‌ کەوتووە ته‌نها چوار مەتری به‌ر ڕه‌سیفی شەقامەکە دەکەوێت." . ڕوونیشیکردەوە: "پێشتر 17%ی داهاتی شاره‌وانییه‌كانمان به‌كاردەهێنا، به‌ڵام ئێستا به‌ بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت هه‌موو داهاته‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌هۆی ئه‌وه‌وە ئه‌و پڕۆژانه‌ی بە نیازبووین بە ئەنجامیان بگەیەنین وەستاون، كه‌ خۆیان له‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی خزمەتگوزارى گرنگ دەبیننەوە".