گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لەڕێی هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەوە ئۆپۆزسیۆن بشکێنن

هەموارکردنەوەى مادەیەکى پەیڕەوى ناوخۆ پەرلەمانى کوردستانى بۆ دوو بەرە دابەشکرد

2019.09.25 - 22:50
هەموارکردنەوەى مادەیەکى پەیڕەوى ناوخۆ پەرلەمانى کوردستانى بۆ دوو بەرە دابەشکرد
ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت مادەی 110ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، نەوەی نوێی دابەش کردووە، هەروەها فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش دابەشبوون هەندێک لەگەڵ هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەن و بەشێکیشیان هەموارکردنەوەکە بە تێکشکاندنی ئۆپۆزسیۆن ناو دەبەن. , لە ئێستادا فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کەمە نەتەوەکان و سێ ئەندامى فراکسیۆنی نەوەی نوێ و سۆسیالیست، پشتیوانی لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەیە دەکەن، لەبەرامبەریشدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و پێنج ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئازادی، دژى هەموارنەکردنەوەی ئەو مادەیەن. , لاى خۆیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە دژی هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەین چونکە وای دەبینین چەند لایەنێکی دەسەڵات بە مەبەستی تیکشکاندنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت ئەو مادەیە هەموار بکەنەوە، تا دواتر ئەندامی ئەو فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنانە ناچار بکەن بە فشار یان بە هەر ڕێگایەک بێت لە فراکسیۆنەکانیان جیا ببنەوە". , هەڵەدنی ئاماژەی بەوەشکرد، بەتایبەت ئەو لایەنانە چاویان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە و دەیانەویت دابەشیان بکەن و بێ هێزیان بکەن. , هاوکات عەبدولستار مەجید، سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: "فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ لەگەڵ هەمواركردنەوەی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان نییە، جارێ زوە بۆ هەمواركردنەوەی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان". , پاش کۆتاییهاتنى دانیشتنەکەى پەرلەمانى کوردستان، كاوە عەبدولقادر، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕو: "هەمواركردنەوەی پەیرەوەی ناوخۆ بە ئامانجگرتنی لایەنێکی دیاریكراوە لەلایەن پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە، ئەگەرنا پەیڕەوی ناوخۆ لە خولی پێشوو هەمواركراوەتەوە ئێستا بۆچی جارێکی تر ئەو پرسەیان هێناوەتەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و هەمواری دەكەنەوە". , ئەمەش لەکاتێکدایە کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە هەشت کورسى گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمانن، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە حزبییەکانیانەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەو ئەندامانەیان دابەشبوون، بەڵام بەهۆی مادەی 110ەوە ئەو پەرلەمانتارانە نەیانتوانیوە لە فراکسۆنەکەیان جیا ببنەوە، ئێستاش بە ئاشکرا ئەو ڕا جیاییە لەنێو فراکسیۆنەکە دیارە و هەر ئەمڕۆش لەسەر ئەو مادەیە بە تەواوەتی بوونە دوو بەرەوە. , سیروان بابان، یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی نەوەی نوی کە پشتگیری هەموارکردنەوەکە دەکات، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو هەڵوێستەی کە ئەمڕۆ کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەناوی فراکسیۆنەکەمانەوە ڕایگەیاندووە، ڕای خۆیەتی و من و دوو هاوڕێی دیکەم لە فراکسیۆنەکە ڕامان وایە کە ئەو مادەیە هەموار بکرێتەوە باشترە، چونکە ئازادی تەواو دەدات بە پەرلەمانتاران". , ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکرد: "ئێمە نامانەوێت حیزب قەید و پێوەند بۆ پەرلەمانتارەکانی دابنێت و ڕێگرییان لێبکات لەوەی ڕەخنەی لێبگرن، چونکە سەرۆکی حیزبی واهەیە پێی ئاساییە کە پەرلەمانتارەکانی ڕەخنە لە پەرلەمان و حکومەت و هەرشت بگرن، بەڵام ڕێگەیان پێنادات کە ڕەخنە لەو بگرن و هەڕەشەی دەرکردنیان لێدەکات لە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان، بۆیە هەتاوەکو زوە ئەو مادەیە هەموار بکرێتەوە باشترە، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران ئازاد بن، تا ئەو مادەیە نەبێتە هەڕەشە لەسەریان و بە ئازادی ڕای خۆیان بڵێن لەهەمو دۆخیکدا". , سیروان بابان ئاشکراشی کرد، وەک پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ هیچ پلانێکى نییە بۆ ئەوەی کە لە فراکسیۆنەکەیان جیا ببێتەوە و فراکسیۆنێکی سەربەخۆ دروستبکات. , ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی ئەیلولی 2019، دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچو، تێیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنەوەی چەند مادەیەکی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کرا، بەڵام بەهۆى زۆرى تێبینییەکان لەسەر مادەى 110ى پەیڕەوەکە، دانیشتنەکەى پەرلەمان دواخرا بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو 29ی ئەیلولی 2019، کە بریارە دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەش بدرێت. , مادەی 110ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ساڵی 2016 هەموارکرایەوە "پەرلەمانتار نەیدەتوانی لە فراکسیۆنەکەی خۆی جیابێتەوە"، بەڵام بەپێی ئەم داوایەی ئێستا کە بەشێک لە فراکسیۆنەکان داوایان کردووە "پەرلەمانتار دەتوانێت لە فراكسیۆنەكەی جیاببێتەوە و فراكسیۆنی نوێ دروست بكات و وابەستەی فراكسیۆنەكەی نەبێت". , ,