کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم لەسەر "داخستنی" نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، هیچ شتێک نییە بەناوی داخستنی نەخۆشخانەکە، چونکە ئەوە دژی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتە. . بەپێی بەدوادچوونێکى ناس کورد کە دوێنێ بڵاویکردەوە، پرسی داخستنى نەخۆشخانەکە، دوێنێ سێ شەممە 9ى ئەیلولى 2019، لەکۆبوونەوەیەکى نێوان بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى و پزیشکانى نەخۆشخانەکە تاوتوێکراوە، بەڵام هێشتا بڕیارى فەرمى لەو بارەیەوە نەدراوە. . محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بڵاوبوونەتەوە، بەوشێوەیە نین و هەڵە تێگەیشتنێک هەبووە لە گەیشتنی زانیارییەکان بە خەڵک، ئەوەی هەیە تەنها پێشنیازێک کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە کە ماوەیەک دابخرێت". . وتیشی "هیچ شتێک نییە بەناوی داخستنی نەخۆشخانە و بەهیچ شێوەیەک هیچ نەخۆشخانەیەک لە سنوری هیچ پارێزگایەک داناخرێت، چونکە کارنامەی کابینەی نوێ ئەوەیە کە نەخۆشخانەی دیکە بکاتەوە و نەخۆشخانەکان زیاد بکرێن، نە دابخرێن". . محەمەد قادر جەختیشیکردەوە، داخستنی نەخۆشخانە بە هەر مەبەستێکیش بێت لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری لێنادرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکانیش سەربەخۆ ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن، بەڵکو پێویستی بە لێکۆڵینەوە و زانینی هۆکارەکانی داخستن و دەرئەنجامەکانی هەیە، ئەوکات وەزارەت بڕیاری لێدەدات. . تا ئێستا بەرپرسانى تەندروستى سلێمانى ڕونکردنەوەیان لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام بەرپرسێکى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە بەفەرمى رونکردنەوە دەدەن. . لەگەڵ بڵاوبوونەوەى دەنگۆى داخستنى نەخۆشخانەکە، لهلایهن ژمارهیهك لهچالاكانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه كهمپهینى “فریاى نهخۆشخانهى فریاكهوتن بكهون بۆ ئهوهى دانهخرێت”، ڕاگەیەنراوە و داوا دهكهن تهندروستى سلێمانى ئهو كاره نهكات بهو پێیهى پهیوهندى ڕاستهوخۆی بهژیانى خهڵكهوه ههیه.