گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى یاسایی پەرلەمان بۆ ناس کورد: کۆدەنگى هەیە بۆ تێپەڕاندنى ماددەى تایبەت بە جیابوونەوەى پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەى

2019.09.25 - 10:25
لیژنەى یاسایی پەرلەمان بۆ ناس کورد: کۆدەنگى هەیە بۆ تێپەڕاندنى ماددەى تایبەت بە جیابوونەوەى پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەى
ناس کورد- پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، لەناویاندا هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، کە یەکێک لە ماددەکانى تایبەتە بەوەى ڕێگە بە پەرلەمانتار بدرێت لە فراکسیۆنەکەى جیابێتەوە. . پڕۆژەى هەموارەکە لەلایەن 29 پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕانەوە ئامادەکراوە، بۆ هەموارکردنەوەى 16 ماددەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان. . جەلال محەمەد، بڕیاردەرى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەمڕۆ خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى پڕۆژەکە دەکرێت و پەرلەمانتاران بۆچوونى خۆیان لەبارەى پڕۆژەکەوە دەخەنەڕوو". . بەپێی خاڵێکى هەموارەکە، پەرلەمانتار دەتوانێت لە فراکسیۆنەکەى جیابێتەوە و فراکسیۆنێکى دیکە دروستبکات، ئەوەش ڕێگە لەبەردەم پەرلەمانتاران دەکاتەوە بۆ جیابوونەوە لە فراکسیۆنەکانیان. . جەلال محەمەد وتى "هەرچەندە ئەمڕۆ هەموارەکە ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام کۆدەنگى لەسەر تێپەڕاندنى ئەو ماددەیە هەیە بۆ ئەوەى کۆت و بەند لەسەر پەرلەمانتاران نەمێنێت و ئازادى زیاتریان پێبدرێت". . بەپێی ماددەیەکى دیکەى پڕۆژەى هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، لیژنەکانى پەرلەمان لە 15 لیژنەوە بۆ 19 لیژنە زیاد دەکرێن و بەئامادەبوونى زۆرینەى ئەندامان پەرلەمان دەتوانێت کۆبێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر دانیشتنى پەرلەمان پێویستى بە زۆرینەى ڕەها بوو.