گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بۆ پاراستنى خێزان له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌

پەخشکردنى دراما تورکییەکان لە هەرێم سنوردار دەکرێن

2019.09.24 - 23:03
App store icon Play store icon Play store icon
پەخشکردنى دراما تورکییەکان لە هەرێم سنوردار دەکرێن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-   بۆ پاراستنى خێزان له‌ جیابونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى هه‌رێمى كوردستان داوا له‌وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى ده‌كات، په‌خشكردنى دراما دۆبلاژكراوه‌كان به‌تایبه‌تى توركییه‌كان لە کەناڵەکانەوە سنوردار بکرێت. . له‌نوسراوێكى فه‌رمییدا كه‌ ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى حكومه‌تى هه‌رێمى كردووه‌،  شتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى داواى له‌و وه‌زاره‌ته‌ كردووه‌ په‌خشكردنى دراما بیانیه‌كان به‌تایبه‌تى دراما توركییه‌كان له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌ سنورداربكرێن، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى پاراستنى خێزان له‌كێشه‌ى جیابوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ وه‌كو هۆكارێك دیاریكردووه‌. . نه‌به‌ز ئیسماعیل وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى به‌ناس كوردى وت "به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه‌ى به‌هاوكارى مامۆستایانى ئاینى به‌وپێیه‌ى له‌ناو كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگادان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شاره‌زایانى یاسایى له‌دادگاكان و چه‌ند چینێكى تر بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌، دراماكان كاریگه‌رى خراپیان كردووه‌ته‌ سه‌ر دۆخى خێزانه‌كان و به‌وه‌ش كێشه‌ى جیابونه‌وه‌ زۆر بووه‌". . نوسراوه‌كەى وەزارەتى ئەوقاف کە به‌روارى 15 ى ئه‌م مانگه‌ى له‌سه‌ره‌، هۆكارى خستنه‌ ڕووى داوایه‌كى له‌و شێوه‌یەى‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌،  کە دراماكا بیانیه‌كان به‌تایبه‌تى توركیه‌كان هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ جیابونه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كان، داواشیكردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ڕێكبخرێن کە له‌گه‌ڵ ئادابى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كبگرێته‌وه‌ و خێزانیش له‌و مه‌ترسیه‌ پارێزراوبێت. . به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى  له‌سه‌ر دیاریكردنى میكانیزمێك بۆ جیبەجێکردنى داواکارییەکەیان وتى "لیژنەیەکى ڕاگه‌یاندنى هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریدا هه‌یه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌توانین گفتوگۆى زیاتر بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و درامایانه‌ى ‌له‌گه‌ڵ ئاداب ودابونه‌ریتى كۆمه‌ڵگه‌دا نایه‌نه‌وه‌ به‌میكانیزمێكى گونجاو سنوردار بكرێن". . وتیشى "ئێمه‌ داوامان نه‌كردووه‌ هه‌موو دراماكان ڕابگیردرێن ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ دیاره‌ زیان و كاریگه‌ریى ڕاسته‌وخۆیان بۆ سه‌ر خێزانى كوردى هه‌یه". . له‌سه‌ر پرسى مه‌ترسییه‌كانى زۆربونى كێشه‌ خێزانیه‌كان، مانگى ته‌موزى ئه‌مساڵ دادگایى سلێمانى داواى له‌مامۆستایانى ئاینى و چه‌ند چینێكى ترى ناو كۆمه‌ڵگه‌ كرد به‌بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ڕێگه‌ له‌به‌رز بونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى جیابونه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان بگرن. . بەپێی ئامارەکانى دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2018 لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 3 هەزار و 598 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆماركراوە كەبە بەراورد بەساڵی 2017، 613 حاڵەت زیادی كردووە و لەبەرامبەردا زیاتر لە 15  هەزار كەس لەو پارێزگایە هاوسەرگیریان كردووە. . هەروەها لە پارێزگای سلێمانی لەساڵی 2018 دا 4085 حاڵەت بووە كە ئەوەش بەراورد بەساڵی 2017، سێ هێند زیادیكردووە و هاوكات رێژەی هاوسەرگیریی نزیكەی 14 هەزار حاڵەت بووە. . لە پارێزگای دهۆك 1384 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراون، كە بەراورد بەساڵی پێشووتر 125 حاڵەت زیادی كردووە، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار كەس هاوسەرگیریان كردووە. . جگە لە کاریگەریی دراما تورکییەکان لەسەر جیابوونەوەى هاوسەران، بەپێی توێژینەوەکان دراماکان کاریگەرییان لەسەر منداڵانیش دروستکردووە. . به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى كه‌ به‌ناوى (كاریگه‌رى دراما دۆبلاژكراوه‌كان له‌سه‌ر ڕه‌فتارى منداڵ) له‌لایه‌ن توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌هاوكارى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان له‌ساڵانى ڕابردوودا ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌سه‌دا 58%ى خێزانەکان پاڵ به‌منداڵه‌وه‌ ده‌نێن سه‌یرى ئه‌و درامایانه‌ بكه‌ن و به‌رێژه‌ى 27 % منداڵانى نمونه‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ ئاره‌زووى لاسایى كردنه‌وه‌ى كه‌سایه‌تیه‌كانى ناو دراماكان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تى كه‌سایه‌تیه‌ پاڵه‌وانه‌كان.