گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح بۆ وۆڵ ستریت جۆڕناڵ ئاشکرایدەکات:  چارەسەری گرژییەکانی کەنداو لە بەغداوە دەستپێدەکات

2019.09.24 - 20:23
App store icon Play store icon Play store icon
بەرهەم ساڵح بۆ  وۆڵ ستریت جۆڕناڵ  ئاشکرایدەکات:  چارەسەری گرژییەکانی کەنداو لە بەغداوە دەستپێدەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە گۆشەیەکدا لە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆڕناڵ"ى ئەمریکی باسی لە کاردانەوەکانی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەرکۆمپانیای ئەرامکۆی سعودی کردووە، نەخشە ڕێگایەکیشی پێشنیارکردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی هەرێمایەتی، بە ئەندامبوونی وڵاتانی دراوسێ بە ئێران وسعودیەشەوە ،داواشیکردووە هەمووان لە بەغدا کۆببنەوە. . بەرهەم ساڵح، لە گۆشەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە، ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئەرامکۆ، دەریخستووە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  بەردەوام  لە ناجێگیربووندایە و دروستکردنی دوژمنایەتی ناوخۆیی زۆر ئاسانە، ئەگەریشی هەیە لە کاتی پەرەسەندنیدا زیان بە بەرژەوندییەکانی هەموو جیهان بگەیەنێت. . دەشڵێت "هێرشەکانی سەرکۆمپانیایی ئارامکۆ، پشێویی و دڵەڕاوکێى لە ناوچەکەدا زیاترکردووە، هۆکاری کێشەکانیش نوێی نیین، ئاڵۆزییەکان وڵاتی یەمەن و سوریا  سەقامگیری وئاسایشی ناوچەکەی لەقکردووە، دەستی دەرکیش ئاگری ناکۆکییەکان خۆشدەکات". . سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کاتێک سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوەیکگرتووەکان پەیامێکی ئاڕاستەی وڵاتانی جیهان کردووە، دەڵێت "عێراق نایەوێت بە هیچ شێوەیەک لە ململانێ هەرێمایەتییەکانیان تێوەبگلێت، عێراق دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگەنادات بێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی یاخود ببێتە بە گۆرەپانی جەنگ". . ئەمەش ناوەڕۆکی گۆشەکەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقە: . کاردانەوەکانی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کۆمپانیایی ئارامکۆی سعودی بووەتە هۆکاری دروستبوونی  دڵەڕاوکێ و پشێوی  لەناوچەکەدا، هۆکاری کێشەکانیش نوێ نیین، ئاڵۆزییەکانی وڵاتی یەمەن و سوریا،  ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەی لەقکردووە، دەستی دەرەکیش ئاگری ئەو ناکۆکییەکانە خۆشدەکات. . ئێمە لە عێراقدا نیگەرانیین لەوەی کە لە ئێستادا لە ناوچەکە ڕوودەدات، ئێمە زۆربە باشی لەو نەهامەتیانە تێدەگەین، هیچ وڵاتێک وەکو ئێمە تێناگات لە مەترسی جەنگ، سزاکان و مەترسی شەڕی ناوخۆیی، هیچ گەلێک ئەوەندەی گەلی عێراق تێناگات لەو قوربانییە مرۆیی و و ماددیانەی سیاسەتی  دژایەتیکردن وقبوڵنەکردنی یەکتری بەسەرهاوڵاتییاندا دەیانهێنێت، هیچ وڵاتێکیش ئەوەندەی عێراق تامەزرۆی ئاشتی وسەقامگیری نییە. . عێراق لە ئێستادا نزیک بووەتەوە لە چوونە ناو سەردەمێکی نوێوە، شکستهێنان بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوەی سەلماند، ئەگەر عێراقییەکان یەک دەست بن دەتوانن بە باشی ئامانجەکانیان بپێکن، ئەوەش بێ گوێدان بە نەژاد و ئاین،  چونکە عێراقییەکان لەوە تێگەیشتن کە دۆزێکی هاوبەشیان هەیە، ئەوەش وایکردووە کاربکەن لەگەڵ هاوپەیمانییە نێو دەوڵەتییەکان، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن ئەو سەرکەوتنەی کە بە سەر داعشدا بە دەستمانهێناوە  تائێستا لەقە و جێگیر نییە، لە ئێستادا کاری زۆرگرنمان لەپێشە، پێویستمان بە فەراهەمکردنی هەلی کارە و ڕاهێنانی دەستی کارە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاری باش پێشکەش بکەین  و زیاتر ژێرخانی عێراق لە هەموو ڕووەکانەوە پتەوتر بکەین، داکۆکی لە دامەزراوەکانمان بکەین و وڵات لە هەڵئاوسانی گشتی ڕزگاربکەین، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بە پشت بەستن بە نەوت کەم بکەینەوە،  لەڕێگەی کاراکردنی کەرتی تایبەت و بنبڕکردنی گەندەڵی  وئەوەش لە چوارچێوەی سیستمێکی ڕێکخستن و یاسایی تۆکمە کە هاندەر بێت بۆ ڕاکێشانی وبەرهێنانی بیانی. . ئەمانە لەئێستادا گرنگترین ئەو کارانەن کە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاری بۆ دەکات، ئەویش هاوڕایە لەگەڵ من و تامەزرۆی چاکسازییە، عێراق توانیویەتی پەیوەندی باشی هەبێت لەگەڵ دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی کۆمەکی دارایی و تەکنەلۆژی، بەڵام ئاواتەکانمان زۆر جار دەبێتە نێچیری سیاسەتە هەریمایەتییەکان  زوو لە ناودەچن ئەگەر دراوسێکانمان و هاوپەیمانەکانیان لە ململانیدابوون. . بۆیە کاتێک گەیشتمە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیامێکی ڕوونم ئاڕاستەی وڵاتانی جیهان کرد وتم "عێراق نایەوێت بە هیچ شێوەیەک لە ململانێ هەرێمایەتییەکان تێوەبگلێت، عێراق دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوندییەکانی خۆی بکات، بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگەنادات ببێت بە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی یاخود ببێت بە گۆرەپانی جەنگ". . دەبێت لەڕێگەی پەیوەندییە باشەکانی عێراقەوە کاربکەین بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی، سەقامگیریی، بنبڕکردنی ووندوتیژیی و پەڕگیریی، لە ئێستادا عێراق لە هەوڵی ئەوە دایە ببێت بە هێزێک بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. . ئێمە دەزانین هەوڵەکانی پێشوو لەم باریەوە نەگەیشتووەتە ئەنجام، ئەوەش بە هۆی بەڕژەوندییە هاودژەکان و دوژمنایەتییە مێژووییەکان ودەستێوەردانی دەرەکی، بەڵام بەرژەوندی هەمووان لەوەدایە سەربکەوین بە سەرململانییەکاندا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق بەنیازە دراوسێکانی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک بکات لە بەغدا بۆ پاڵپشتی سەقامگیری عێراق و داکۆکیکردن لە ئابووریەکەی، لە هەمانکاتیشدا هاوکاری یەکتربکەین و پلانێکیش دابڕێژین بۆ هاوپەیمانیەتێکی  هەرێمایەتی تووندووتۆڵ. . عێراق لە ئێستادا لەڕێگەی لیژنەی دووبارە بوونیادنانەوە هەوڵدەدات کۆمەڵێک یاسا دەربکات بۆ هاندانی کۆمپانیاو وبەرهێنانی بیانی لە پێناو پتەو کردنی ژێرخانی ئابووری عێراق، هەروەها کاردەکەین  بۆ گەشەپێدانی ناوخۆیی ئەوەش ئامانجی سەرەکی ئێمەیە لە پێناو گەشەپێدانێکی ئابووری  بەهێز ببێتە هۆکاری دۆزینەوەی هەلی کار. . نەهامەتییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی، فێریکردنی ئێمە وەک عێراقی ئەو شتانەی کە بەیکەوە دەمانبەستێتەوە زۆر زیاتر لەوەی کە لەیەک جیاماندەکاتەوە، ئەوەشی فێرکردین خەونەکانمان بە یەکگرتووی دێتە دی و دەبێت هەوڵبدەین بۆ بەدیهێنانی . . ئەمە وانەیەکە بۆ دراوسێکانمان، پێشکەوتن و نشونماکردن، پاڵپشتە بە دروستکردنی پردەکان نەک داخستنی دەرگاکان لە پێناو بەرژەوەندییە خۆویستەکان، دەمانەوێت پێشنگ بین، چونکە ئێمە قەرزداری نەوەکانی داهاتووین، ئاواتەکانمان و چارەنووسمان بەندە بە تێگەیاندنی بەرامبەرەکانمان.