ناس کورد-
بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێشەسازی سەربازی، موڵکداری زەوییە کشتوکاڵییەکان و چەند پرسێکی دیکە.
,
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی پەرلەمانی عێراق، سبەی دووشەممە، 23ى ئەیلولى 2019، پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات لە وەرزی نوێى یاسادانان.
,
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە سبەی ژمارەیەک تەوەرلە چوارچێوەی دانیشتنەکاندا تاووتوێدەکرێن.
,
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکان، سبەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای پیشەسازی سەربازی دەدات، لە هەمانکاتیشدا تاووتوێی ئەنجامەکانی ڕاپۆرتی لێکۆڵێنەوەکان دەکات سەبارەت بە تەقاندنەوەی کۆگاکانی حەشدی شەعبی.
,
هەروەها پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پاراستنی کەمیینەکان و یاسای قەدەغەکردنی ئەشکنجەدان دەکات، خوێندنەوەی یەکەمیش دەکات بۆ پڕۆژەیاسای بوونی عێراق بە ئەندام لە پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکان لە کاتی جەنگدا.
,
خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای بوونی عێراق بە ئەندام لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە گواستنەوە دەکرێت، وەک لە کارنامەکەدا هاتوە.
,
ئاماژە بەوەشکراوە، بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، سبەی پەرلەمانى عێراق تاووتوێی ڕاپۆرتی لیژنی دارایی پەرلەمان دەکات، تایبەت بە وەرگرتنی کرێ لەو کەسانەی کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی حکومەتیان بەکارهێناوە بۆ کارێکی دیکە.
,
,