گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەستبکات و بەغداش ڕازییە بەشێک لە قەرزەکانى بداتەوە

پەرلەمانى عێراق ئاماژەى ئیجابی پێگەیشتووە لەبارەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغداوە

2019.09.22 - 12:00
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانى عێراق  ئاماژەى ئیجابی  پێگەیشتووە لەبارەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغداوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئاماژەى "ئەرێنى" یان پێگەیشتووە سەبارەت بە گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا، بەجۆرێک هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەستبکات و بەغداش ڕازییە بەشێک لە قەرزەکانى بداتەوە. . هەفتەى رابردوو گفتوگۆى چڕى بەرپرسانى هەرێم و بەغداى بەخۆوە بینى، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان، دواى ئەوەى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەردانى هەرێمیان کرد. . حه‌نین قه‌دۆ ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "چه‌ند زانیارییه‌كى ئه‌رێنیى له‌و بارەیەوە گه‌یشتووه‌ته‌ دەستیان، حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یى پیشانداوه‌ نه‌وت ڕاده‌ستى حكومه‌تى فیدراڵ بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌غداد ئاماده‌یی پیشانداوه‌ سه‌رجه‌م قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى كۆمپانیاكانى نه‌وت كه‌ هه‌رێم گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵدا كردوون بداته‌وه"‌. . حکومەتى هەرێم لەم مانگەدا داواى 80 ملیار دۆلارى لەبەغدا کرد، بە پاساوى بڕینى بەشە بودجەکەى لەلایەن بەغدا و خەرجى ئاوارەکان و خەرجییەکانى شەڕى دژى داعش، بەڵام هێشتا عێراق بەفەرمى هیچ هەڵوێستێکى نیشاننەداوە لەبارەى ئەو قەرزەوە کە هەرێم داوایدەکات. . لەگەڵ بەردەوامى دانوستانەکان کە تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام، جموجۆڵەکان لە پەرلەمانى عێراق چڕکراونەتەوە بۆ بانگهێشتکردنى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران بۆ پەرلەمان، تا لەسەر چەند پرسێک وەڵامى پەرلەمانتاران بداتەوە، لەناویاندا دۆسیەى نەوتى هەرێم. ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق وتى "تا ئێستا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان داواكارى نه‌خستووه‌ته‌ به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ ئاماده‌ بوونى له‌دانیشتنێكى په‌رله‌ماندا، به‌تایبه‌ت دواى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزێكى نوێى یاسادان و پێدانى ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێک به‌تایبه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان". . چوونى عه‌بدولمه‌هدى بۆ په‌رله‌مان به‌لاى حەنەنین قەدۆوە، زۆر گرێكوێره‌ى پرسى فرۆشتنى نه‌وت و چه‌ند كێشه‌یه‌كى ترى حكومه‌ته‌كه‌ى ده‌كاته‌وه‌. . باسى له‌وه‌شكرد، له‌سه‌ر پرسى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم و چه‌ند پرسێكى ترى تایبه‌ت به‌حكومه‌تى عێراق، په‌رله‌مانتاران فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى چڕكردووه‌ته‌وه‌، پێناچێت له‌مه‌ودوا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و هه‌نگاوه‌ بكاته‌ كردار و داواكارییه‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئاماده‌ بوونى له‌ دانیشتنێكى په‌رله‌ماندا. . حه‌نین قه‌دۆ به‌دورى زانیى له‌كاتى چوونى بۆ په‌رله‌ماندا داواى متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ لە عادل عەبدولمەهدى بكرێت، جەختیشیکردەوە عه‌بدولمه‌هدى له‌به‌رده‌م ئاڵنگارى گه‌وره‌دایه‌ و دواخستنى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و قه‌یرانانه‌ش زیان به‌ خۆى و به‌ئاینده‌ى كابینه‌كه‌شى ده‌گه‌یه‌نێت.