گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری نوێ لەبارەى ئەو چوار هاوڕێیەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای دەربەندیخان گیانیانلەدەستدا

2019.09.21 - 15:58
زانیاری نوێ لەبارەى ئەو چوار هاوڕێیەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای دەربەندیخان گیانیانلەدەستدا
ناس کورد – هۆرڤان رەفعەت ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕێگای دەربەندیخان، چوار کارمەندی بەڕێوبەرایەتی گومرگی پەروێزخان گیانیان لەدەستدا. ڕووداوەکە ئەمڕۆ شەممە، 21ی ئەیلولی 2019، لە رێگای وارماوە-دەربەندیخان ڕوویدا و بەهۆیەوە چوار هاوڕێ گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. . ڕیژەن بورهان، وتەبێژى بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆى دەربەندیخان دەربارەی ڕوداوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ڕوداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 10 ڕوویداوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلى جۆرى سدریک و مارسیدزدا". . ڕیژەن بورهان باسی لەوەش کرد، "لە ڕووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلی سدریکەکە بوون کە هەر چواریان کارمەندی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گومرگی پەروێزخان بوون و لەکاتی دەوامی فەرمی خۆیاندا ئەو ڕوداوەیان بەسەر هاتووە". . وتەبیژی پۆلیسی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشدا "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو ئۆتۆمبێلەی بەرامبەریان کە مارسیدزێکی قەمەرە بووە، زۆر تیژڕەو بووە و تەنانەت پێش ئەوەی ئەو ڕوداوە ڕوبدات هاوڵاتیانی گوندێکی نزیک وارماوە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردوە و وتویانە ئەو ئۆتۆمبێلە زۆر بەخێرایی لێدەخوڕێت و ژمارەکەیان پێداوین، ئێمەش لەوەدا بووین کە بازگەکان ئاگادار بکەینەوە لە وەستانی بەڵام ئەو ڕوداوە ڕویداوە". . وتەبێژی پۆلیسی دەربەندیخان وتیشی، "بەهۆى ڕوداوەکەوە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش بەسەختی بریندار بووە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەیە". . هاوکات عەقید بیلال بەڕێوبەری گومرگی پەروێزخان بە ناس کوردی وت، "ئەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە هەر چواریان کارمەندی بەرێوبەرایەتییەکەی ئێمە بوون و لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیاندا توشی ئەو ڕوداوە بون و پۆشاکی سەربازیشیان لەبەردا بووە". . عەقید بیلال ئاماژەی بەوەشدا "ئەو چوار کارمەندە بەشیک بون لەو تیمە دڵسۆزەی کە لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە کاریان کردوە و زۆر دڵگران بووین بەو ڕوداوە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی ناشتن و بەشداریکردنیان لە پرسەکەیاندا". . بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد ئەو چوار کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە هەر چواریان هاوڕێی یەکتر بوون و بە مەبەستی ئەرکی سەربازیی خۆیان بەرەو کەلار بەڕێ کەوتوون و هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلەی بەرامبەریشیان بەخێراییەکەی لە ڕادەبەردەر لە کەلارەوە بەرەو دەربەندیخان هاتووە و لە سایدی خۆی پەڕیوەتەوە و خۆی داوە بە ئۆتۆمبیلەکەی ئەواندا. . یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستدا داوە ناوی عیسام کۆییە ناسراو بە عیسامە باجەلانی و تەمەنی 47 ساڵ بووە و  باوکی سێ کوڕ و دوو کچە و خەڵکی شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرە. . هەروەها کەسێکی دیکەشیان ناوی وریا سامە و تەمەنی 36 ساڵە و خزمی نزیکی عیسام بووە. دوانەکەی دیکەشیان یەکێکیان ناوی سەباح تاڵیبە کە خەڵکی شاری کەرکوکە و لە شاری سلێمانی نیشتەجی بووە، هەروەها چوارەم کەسیشیان ناوی ئەکرەم خرەیە.