ناس کورد-
کۆمپانیای فەیسبوک بەوە تۆمەتبار کراوە، کە کۆمەڵێک لاپەڕە و هەژماری تایبەتی فەیسبوکی بەناوی ڕێکخراوی داعش و قاعیدەوە دروست کردووە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش ڕەخنەی توند لە کۆمپانیاکە دەگرێت.
,
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلولی 2019، ئاژانسی ئەسیۆشەیدپرێسى ئەمریکی ڕاپۆرتێکی دەربارەی کۆمپانیای فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "کۆمپانیای فەیسبوک ماوەیەکە سەدان هەژماری تایبەت و لاپەڕەی فەیسبوکی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دروست کردووە، کە سەرجەمیان پشتگیری داعش و قاعیدە و ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەکەن".
,
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو لاپەڕانە سەرجەمیان بەچەند ناوێکی خوازراوەوە دروست کراون کە هێمان بۆ داعش و قاعیدە وەک (خۆشەویستانی دەوڵەتی ئیسلامی، هاوەڵانی دەوڵەت، دڵسۆزانی دەوڵەت، خوێندنگەی تیرۆرستی ئەفغانستان و زانکۆی بن لادنی نێودەوڵەت) یان بەناوی ئەو کەسانەوە دروستکراون کە سەرکردە و بەرپرسی دیاری ڕێکخراوی داعش و قاعیدەن، هەروەها هەندێکیشیان بەناو و وێنەی ئەنجاندەرانی تەقینەوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001ەوە کراونەتەوە و ڕۆژانە بەکار دەهێنرێن".
,
تا ئێستا کۆمپانیای فەیسبوک بەشێوەیەکی فەرمی لەئاستی باڵادا هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاونەکردوەتەوە، ڕەتیشی نەکردووەتە کە ئەو هەژمار و لاپەڕانە لەلایەن ئەوەوە دروست کراون یاخود خەڵکانی دیکە دروستیان کردوون.
,
بەڵکو وتەبێژێک بەناوی کۆمپانیای فەیسبوک کە نەیوستووە ناوی بهێنرێت بە ئاژانسی ئەسیۆشەیدپرێسى وتوە: "بەهیچ شێوەیەک کۆمپانیای فەیسبوک بەرپرس نییە لە دروستکردنی ئەو لاپەڕە و هەژمارانە، بەڵکو لەلایەن خەڵکانێکی توندڕە و تونودتیژی خوازەوە دروست کراون و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەى بیری توندڕەوییە، کۆمپانیای فەیسبوک هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بەکۆمەڵێک ڕێگا و بەشێوەیەکی ئۆتۆوماتیکی لاپەڕە و هەژمارەکانیان بسڕێتەوە، بەڵام ناشتوانین بەتەواوەتی و بە خێرایی ڕێگری بکەین لە دروستکردنی ئەو ئەژمار و لاپەڕە توندڕەوانە".
,
لەلایەکى دیکەوە، دەزگای نیشتیمانی ئاشکراکەری گەندەڵی ئەمریکی "وایستلی بلۆوەر" کۆمپانیای فەیسبوکی بە دروستکردنی ئەو لاپەڕە و هەژمارانە تۆمەتبار کردووە، بە بیانوی ئەوەی زۆرینەی ئەو لاپەڕانە لە یەک کاتدا دروست کراون و پۆست و ئەو وێنانەی بۆ پۆستەکانیشیان بەکاری دەهێنن هاوشێوەن.
,
هاوکات ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش لەسەر ئەو کارەی کۆمپانیای فەیسبوک هاتووەتە دەنگ و ڕایگەیاندووە: "دەبێت کۆمپانیای فەیسبوک زۆر جدیتر و توندتر بێت لە ڕوبەڕوبەنەوەی ئەو کەسانەی کە لەفەیسبوکەوە بانگەشە بۆ ڕێکخراوە توندڕە و وتیرۆستییەکان دەکەن".
,
هەروەها شارەزایەکی بواری تەکنەلۆجیش باسی لەوە کردووە: "گومانی ئەوە هەیە کۆمپانیای فەیسبوک خۆی ئەو هەژمار و لاپەڕانەی دروست کردبێت بە هاوبەشی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییانە بناسن کە لەڕێگای هەژمار و فەیسبوکە کەسییەکانی خۆیانەوە لایک و کۆمێنت بۆ پۆستەکانی ئەو لاپەڕانە دەکەن کە گوایە سەربە داعش و قاعیدەن".
,
تا ئێستاش بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی کۆمپانیای فەیسبوک وەڵامی ئەو ڕەخنە هەواڵانەی نەداوەتەوە، نەتواندراوە بسەلمێنرێت کە دروستکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە هەژمار و لاپەڕەی پشتگیرکارانی داعش و قاعیدە پلانێکی کۆمپانیای فەیسبوک و دەزگا هەواڵگرییەکانە، یاخود لەلایەن پشتگیرکارانی ئەو ڕێکخراوانەوە دروست کراون.
,
,