ناس کورد-
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان داوا لە عادل عەبدولمەهدى دەکات پێداچونەوە بکات بە بڕیارى تایبەت بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک، بەو پێیەى "ئەندامەکانى سەرجەمیان عەرەبن و نوێنەرى پێکهاتەکانى دیکەى تێدا نییە".
.
رۆژى 26ى مانگى رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق فەرمانێکى دەرکرد بۆ پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک، لەسەر بنەماى فۆرمی خۆراک و ناسنامەی باری شارستانی، بەو شێوەیەى هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاماژەى پێکردووە.
.
وتەبێژی فەرمى دەزگای هەڵبژاردنى یەکێتى ئەمڕۆ سێ شەممە 17ى ئەیلولى 2019 لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "ئەندامانى لیژنەکە سەرجەمیان لەپێکهاتەی عەرەبین، ئەمەش دژی بنەمای تەوافقە لە دەستوری عیراقدا ئاماژەی پێکراوە".
.
ئاماژەى بەوەشکردووە "بۆ بەرجەستەکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو شارەدا کەدەبوو لایەنی کەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی ماددەی ( 140) ی دەستوری عیراقی تێیدا ئەندام بوایە یاخود نوێنەری کورد وتورکمان و کلدان و ئاشوری پێکهاتەکانی تری ئەو شارەی تێدا بوایە".
.
وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنى یەکێتى داوا لە عادل عەبدولمەهدى سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەکات پێداچوونەوە بە پێکهێنانی ئەو لیژنەیەدا بکات، بەشێوەیەک نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک تێیدا بێت بۆ پاراستنی ئارامی و پێکەوە ژیان لەو شارەدا.
.
بەپێی یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراق، دەبێت پڕۆسەى وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک تا کۆتایی ساڵى داهاتوو کۆتایی بێت، بۆ ئەوەى سەرجەم ئەو ناوانەی جیاوازیان هەیە لە هەردوو تۆمارى فۆرمى خۆراک و بارى شارستانى لەتۆماری دەنگدەران لاببرێن، جگە لەوناوانەی کە لە لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان کێشەیان نەبووە بەپێی ماددەی ( 140) دەستوری عێراقی.