کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ڕۆژی 9ی ئەیلول، حزبە کوردستانییەکانى کەرکوک رێککەوتن لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە یەک لیست و هاوپەیمانێتییەکەیان ناونا (کەرکوک کوردستانییە) کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 1ى نیسانى 2020 ئەنجام بدرێت. . پێشتر ناس کورد لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک ئاشکرایکرد، نەجمەدین کەریم بۆ هەڵبژاردنەکە لیستی سەربەخۆی دەبێت و ئامادەکارییەکانیشی دەستپێکردووە، لە ماوەی ڕابردووشدا ژمارەیەک کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسایەتییەکان و پێکهاتەکانی شارەکە ئەنجامداوە. . زیاتر بخوێنەوە: حزبە کوردستانییەکان: لە کەرکوک بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن دەکەین زیاتر بخوێنەوە: نەجمەدین کەریم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لیستی دەبێت زیاتر بخوێنەوە: یەکەم هەڵوێستی پارتی لەدوای دروستکردنی لیستى هاوبەشی حزبە کوردستانییەکانى کەرکوک . کەواتە نەجمەدین کەریم چی دەکات؟ خواستی دروستکردنی لیستى جیا لەلایەن نەجمەدین کەریم پێش دروستکردنی لیستى هاوبەشی حزبە کوردستانییەکان بوو، ناس کوردی بەدواداچوونی بۆ هەڵوێستى ناوبراو و چارەنوسی لیستەکەى کرد، بەرپرسی نوسینگەی نەجمەدین کەریم بە ناس کوردی وت، "لە ئەگەری دروستکردنی ئەو لیستە و پێکهێنانی بە تەواوەتى، دکتۆر نەجمەدین لیستەکەى پێشکەش ناکات." . نەشوان جەلال، بەڕێوەبەری نوسینگەی نەجمەدین کەریم وتیشی، "ئەگەر هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکوک لەسەر لیستێکى هاوبەش ڕێکبکەون، نەجمەدین کەریمیش پەیوەندی بەو لیستەوە دەکات." . لیستى هاوبەشی کوردستانییەکان سەردەگرێت؟ لەبارەى دواین پێشهات و هەوڵەکان بۆ بە کۆتاگەیاندنی دروستکردنی لیستەکە، باژێڕەوانی مەکۆی گۆڕان لە کەرکوک دەڵێت، بارودۆخی کەرکوک پرسێکى نەتەوەییە و پێویستە سەرجەم حزب و لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ و یەک بڕیار بن. . حەکیم عوبەید، باژێڕەوانی مەکۆی گۆڕان لە کەرکوک کە خۆی یەکێکە لە بەشداربووانى کۆبوونەوەى لایەنە کوردییەکان بە ناس کوردی وت، "هێشتا کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن و سەرجەم لایەنەکان سورن لەسەر دروستکردنی لیستە هاوبەشەکە بۆ کورد لە کەرکوک." . حەکیم عوبەید وتیشی، "تەنانەت ئەو لایەنانەى بەشداریی کۆبوونەوەکانیشیان نەکردووە هاوڕان لەسەر گرنگی دروستکردنی یەک لیستی هەڵبژاردن، بۆیە ناکرێت هیچ کەس و لایەنێک خۆی جیا بکاتەوە و لیستی هەبێت." . سەبارەت بە هەڵوێستى بەرپرسانی باڵای حزب، حەکیم عوبەید ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە بەردەوامی پەیوەندییەمان لەگەڵ سەروی خۆمان هەیە و هەڵوێستی ئێمە بە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانى باڵای حزب ڕاگەیەنراوە." . ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە هەموو لایەک حزبایەتی بەلاوە بنێن و ئامادەسازی بکەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەو مەترسییانەى لەسەر کورد هەیە لە پارێزگاکە و پێکەوە هەمووان بڕیار بدەن.