گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانى کوردستان پێشنیازى یاساى رێگرى لە بەقاچاخ بردنی نەوت تاوتوێ دەکات

2019.09.17 - 10:11
پەرلەمانى کوردستان پێشنیازى یاساى رێگرى لە بەقاچاخ بردنی نەوت تاوتوێ دەکات
ناس کورد- شەهرام عەزیز ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، لەناویاندا تاوتوێکردنى پێشنیازى یاساى بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت. . پێشنیازى یاساکە ساڵى 2008 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکراوە و لەسەر داواى ژمارەیەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان خراوەتە بەرنامەى کارى دانیشتنى ئەمرۆى پەرلەمانەوە بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی کاراکردنى لە هەرێم. . گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ناوەڕۆکی پێشنیازە یاساکە تایبەتە بە رێگریکردن و سزادانى ئەو کەسانەى بەقاچ نەوت دەفرۆشن بەتایبەتی لەڕێگەی تانکەر و کونکردنی بۆرییەوە". . پێشنیازى یاساکە لە نۆ ماددە پێکهاتووە و بەپێی یەکێک لە ماددەکانى، ئەوانەى لەسەر ئەو تۆمەتە دەستگیردەکرێن، رەوانەى دادگاى گومرگى هەرێم دەکرێن و لە قۆناغەکانى لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیاندا ئازاد ناکرێن تا ئەوکاتەى بڕیارى کۆتایی لەسەر دۆسیەکەیان دەردەکرێت. . گوڵیزار ڕەشید وتیشی، بەگوێرەی پێشنیازە یاساکە، ئەو کەسەی ئەو کارە دەکات کەسێک بێت یاخود کۆمپانیایەک بێت سزا دەدرێت و سەرجەم ئەو کەسانەشی هاوکارییان کردووە سزادەدرێن و سەرجەم کەرەسەتەکانیشیان دەستی بەسەردا دەگیرێت. . ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازە یاساکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە مۆڵەتی کارکردنیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە.