گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکى هەرێم و پەرلەمان کۆبوونەوە.. ئامادەکاری بکرێت بۆ نوسینەوەى دەستورێکی سەردەمیانە

2019.09.15 - 15:18
سەرۆکى هەرێم و پەرلەمان کۆبوونەوە..  ئامادەکاری بکرێت بۆ نوسینەوەى دەستورێکی سەردەمیانە
ناس کورد- سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوە و بە پێویستیان زانى هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ دروستكردنی هەماهەنگى زیاتر لەنێوانیاندا کۆبنەوە. بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى پەرلەمان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه،‌ 15ی ئەیلولی 2019، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان کۆبونەتەوە و تاووتوێی چه‌ند پرسێكی سیاسی و یاساییی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیان کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كاریی بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی سه‌رده‌میانه‌ بکرێت له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی كۆده‌نگیی نیشتیمانی و رێزگرتن له‌ مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسییه‌ت. بەپێی راگەیەنراوەکە، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پته‌وكردنى هەماهەنگى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان دووپات کراوەتەوە ‌بۆ پشتیوانیكردنی دیالۆگى هه‌رێم و عێراق به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ماف و شایستانه‌ى كه‌ ده‌ستووری ساڵی 2005 به‌هه‌رێمی كوردستانی داوه. . ئەوەش خراوەتەڕوو، له‌باره‌ی پرسی چاكسازی هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌رخستنی رێكاره‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و لابردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ بێنه‌ سه‌ر رێگاى.