ناس كورد- عه‌مار میرداڤی
له ناوچه‌ی شلۆ لە ناحیه‌ی قهحتانیهى سنورى شه‌نگال جارێکی تر گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوان سوپای عێراق و یه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شه‌نگال "یه‌به‌شه"دا ڕویدا.
شوكر مه‌لحه‌م ئه‌لیاس، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌حتانیه تایبه‌ت به‌ناس كورد-ی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ سوپای عێراق له بازگه‌ی شلۆ بهیهكینهكانى به‌رخۆدانى شه‌نگالیان وتوه، نابێت ئێوه له‌و بازگه‌یه‌دا بمێنن و ده‌بێت چۆڵى بكه‌ن و پێویسته ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و بازگه‌یه لەژێر کۆنترۆڵی سوپاى عێراقدا بێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا هێزه‌كه‌ى یه‌به‌شه ڕازی نه‌بوون به‌م داوكارییهی سوپای عێراق".
به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌حتانیه ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: "دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌به‌شه داواكارییه‌كه‌ی سوپای عێراقى ڕه‌تكرده‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا سوپای عێراق سوڕبوون له‌سه‌ر ده‌ركردنی یه‌به‌شه له‌ناو ئه‌و بازگه‌یه‌دا و دواتر گرژی و ئاڵوزی، له‌نێوانیاندا ڕویداوه، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك ته‌قه‌یان نه‌كردووه و هیچ كه‌سێك بریندارنه‌بووه".
شوكر مه‌لحه‌م وتیشی: "پێشتر ئەو بازگه‌یه به هاوبه‌شی له‌لایه‌ن سوپای عێراق و هێزه‌كانی یهبهشەوە به‌رێوه‌ده‌برا، دۆخه‌كه ئێستا ئارامه و نێوه‌ندگیرى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه ئارام بكرێته‌وه".
هاوكات به‌پێى زانیارییه‌كانى ناس كورد، ئێستا و له‌سه‌نته‌رى قه‌زاى شه‌نگال، كۆبوونه‌وه له نێوان یه‌به‌شه و سوپاى عێراق له‌سه‌ر گرژییه‌كانى نێوانیان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
شه‌وى 17ى ئازار، له‌سه‌ر سنوورى ڕۆژئاواى كوردستان و له قه‌زاى شه‌نگال و لە گوندی حەساویك لەسنوری قەزای شەنگال ئاڵۆزی و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و یەبەشە ڕویدا و بەو هۆیەوە دوو لە چەكدارانی هێزەكانی یەبەشە كوژران و سێ كەسی دیكەیان برینداربوون و چەكدارێكی حەشدی شەعبیش كوژرا و دوو كەسی دیكەیان برینداربوون.