گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کۆنگرەى بێوەژنەکانى ئەفریکا لەدژی کەسوکاری پیاوەکانیان.. داواکارییەکان چین؟

2019.09.14 - 10:01
App store icon Play store icon Play store icon
کۆنگرەى بێوەژنەکانى ئەفریکا لەدژی کەسوکاری پیاوەکانیان.. داواکارییەکان چین؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- سەدان بێوەژنى وڵاتانى ئەفریقیا لە کۆنگرەیەکى گشتیدا داواى مافە زەوتکراوەکانیان لەلایەن خێزانى پیاوەکانیانەوە دەکەن، چالاکانی ئەفریقا دەڵێن کەمى هۆشیارى بێوەژنەکان واى کردووە لەلایەن کەسوکارى پیاوەکانیانەوە ستەمیان لێ بکرێت، سەرەکیترین بەرنامەى کۆنگرەکەش چۆنیەتى ڕوبەڕوبونەوەى قەیرانى بێبەشکردنى بێوەژنەکانە لە میراتى بەجێماوى پیاوەکانیان. . لە کۆنگرەکەدا کە لە دۆدۆماى پایتەختى تەنزانیا بەڕێوەچوو، سەدان بێوەژن لە وڵاتانى ترى ئەفریقیا لەوانە کینیا و مالاوى و بەشداریان تیایدا کرد و لەلایەن ڕێکخراوێکى ناحکومیەوە سەرپەرشتى کرا. پیاتریس موینۆکا، بەڕێوەبەرى کۆنگرەکە دەڵێت: "بێوەژنەکان ڕووبەڕووى زۆر قەیران بوونەتەوە لەوانە زەوتکردنى سەروەت و سامانى پیاوە کۆچکردووەکانیان کە کاتى خۆى پێکەوە ئەو سەروەتەیان کۆکردووەتەوە." . بەڕێوەبەرى کۆنگرەکە دەشڵێت، دواى لەدەستدانى پیاوەکانیان بەهەر هۆکارێکەوە، زۆرجار ئەرکى بەخێوکردنى مناڵەکان و خوێندن کەوتووەتە سەر شانى بێوەژنەکان و کەسوکارى پیاوەکانیشیان هیچ هاوکارییەکیان ناکەن، زۆربەى ئەو بێوەژنانەشى کە لە گوندەکاندا دەژین هیچ هۆشیارییەکیان لەبارەى مافەکانیانەوە نیە و ناشتوانن دەستیان بگاتە یاریدەرێک لەوبارەوە." . بەپێى دەستورى تەنزانیا، بێوەژن مافى لەوەرگرتنى میراتى پیاوەکەى دا بۆ دیاریکراوە بەڵام زۆرجار دابونەریت ڕێگرە لەجێبەجێکردنى، ئەوەش زیاتر بەهۆى ئەوەى کەسوکارى پیاوە کۆچکردووەکەش دەترسن ژنەکە شوو بە کەسێکى تر بکات و میراتى پیاوەکەى لەگەڵ خۆیدا ببات. . زۆرجاریش دواى لەدەستدانى پیاوەکەى بەهۆى مانەوەى میراتەکەیەوە فشار دەخرێتە سەر بێوەژنەکە شوو بە براى پیاوەکەى بکاتەوە. .چالاکانى ئەفریقیاش ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، بەهۆى ئەو دابونەریتەوە هەزاران بێوەژن ڕوبەڕووی هەژارى و دەربەدرى بوونەتەوە. ساڵى 2015 لیژنەیەکى تایبەتمەند لە پەرلەمانى تەنزانیا هەموارى یاساى جیاوازى ڕەگەزی کردەوە بە تایبەت دواى ڕووداوى دەرکردنی چەند  بێوەژنێک لە ماڵى پیاوەکانیان و بێبەشکردنیان لە بینینى منداڵەکانیان. . زۆرجار لە وڵاتانى ئەفریقیادا کەسوکارى پیاوە کۆچکردووەکە بۆ دەرکردنى بێوەژنەکە لە خانووى پیاوەکەى، پەنا دەبەنە بەر ڕێگەى ترس و تۆقاندن لەوانە هەڕەشەى کوشتن و ئازاردانى مناڵەکانى و تەنانەت بۆ ئازاردانیشى، زۆرجار کەسوکارى پیاوەکە تەرمەکەى لە ماڵەوە یاخود لە شوێنێکى نزیک ماڵەوەیان بەخاکى دەسپێرن و بەوتەى چالاکانى کۆنگرەکەش، نەبونى هۆشیارى بێوەژنەکانیش هۆکارێکى ترە بۆ سەپاندنى ئەو دابونەریت و شێوازى دژایەتیکردنە بەسەریاندا.