گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس کورد چەند بەڵگەنامەیەک لەبارەى 20 ملیار دینارەکەى سلێمانى بڵاودەکاتەوە

2019.09.13 - 21:18
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد چەند بەڵگەنامەیەک لەبارەى 20 ملیار دینارەکەى سلێمانى بڵاودەکاتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

  ناس کورد – باسوخواسى خەرجکردنى 20 ملیار دینارى پایتەختى رۆشنبیرى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى تادێت گەرمتر دەبێت و ناس کورد لەو بارەیەوە چەند بەڵگەنامەیەک، ئاشکرا دەکات. . حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2014 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران بڕی 20 ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی هونەری شارەکە، بۆ ئەوەی لە چالاکی هونەری و بەرەپێشبردنی بواری ڕۆشنبیری و دروستکردنی هۆڵ و ناوەندی نوێی هونەری تەرخان بکرێت. . بەگوێرەى بەدواداچونەکانی ناس کورد لە ساڵی 2014ەوە لەنێو پەرلەمانی کوردستانەوە چەند جارێک وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەرێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی ئاگادارکراونەتەوە لە چارەنوسی ئەو پارەیە بەڵام بەپێی وتەی پەرلەمانتاران وەڵامی ئەو کاتەی وەزارەتیش وەکو وەڵامەکانی ئێستایان جێگای باوەڕ نەبووە. . بەڵگە نامەیەک کە دەست ناس کورد کەوتوە و ڕۆژی 22ی تەموزی 2014 دەرچوێنراوە، دەریدەخات یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووى پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوانامەیەکی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ، داوای لە خودی خالید دۆسکی وەزیری ڕۆشنبیری ئەو کاتی حکومەتی هەرێم کردوە کە بە نوسراو یان ئامادەبوونی لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەماندا وەڵامیان بداتەوە دەربارەی چارەنوسی ئەو 20 ملیار دینارە کە حکومەتی هەرێم بۆ سلێمانى تەرخان کردووە. . هەر بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکی دیکە کە دەست ناس کورد کەوتوە، ڕۆژی 28ی تەموزی 2014 وەزارەتی ڕۆشنبیری وەڵامی پرسیارەکەی سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى کوردستانى داوەتەوە و ڕایگەیاندوە "ئەو بڕە پارەیە لە 27ی ئازاری 2014ەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بڕی 11 ملیار و 391 ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ پڕۆژەکان، بەڵام تا ئەو کاتە تەنها بەبەهای 2 ملیار و 263 ملیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێکراوە و ئەوەی دیکەی ماوەتەوە و لەقۆناغەکانی جێبەجێکردنایە، هەروەها لیستێکی پڕۆژە جێبەجێکراو و جێبەجێ نەکراوەکانیان بۆ پەرلەمان ناردوە". . بەڵام وەڵامەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ سۆران عومەر، جێگای بڕواپێکردنی تەواو نەبووە دووبارە لە بەرواری 23ی تشرینی دووەمی 2014، نوسراوێکی دیکەی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ناردووە و ڕایگەیاندوە "لەمیانەی بەدواداچونمدا بۆ وەڵامەکەی وەزیری ڕۆشنبیری بۆم دەرکەوتوە کەموکوڕی زۆر هەیە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەیاندا و ژێرخانی ڕۆشنبیری سلێمانی بەو هەنگاوانە پێش ناکەوێت کە ئەوان دەینێن و تا ئێستا بڕی 17 ملیار و 630 ملیۆن دینار لەو 20 ملیار دینارە بۆ چەند پڕۆژەیەکی جێبەجێنەکراو تەرخان کراوە و پڕۆژەکان بونیان نییە، بۆیە دەبێت پەرلەمانی کوردستان لەڕێگای لیژنەکانیەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بکات کە کەموکورتی تێدایە و چارەنووسی ئەو پارانە بدۆزرێتەوە". . پێشتریش لەمیانەى بەدواداچوونێکى ناس کوردا لەبارەى چارەنوسی ئەو 20 ملیارە، بابەکرد دڕەیی بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی وتی "من بەڕێوەبەری گشتیم و بەرپرسم لە خەرجکردنی ئەو پارەیە، بە ئارەزووی خۆمە چۆن خەرجی دەکەم، کێش قسە دەکات با بیکات و هەر کات یاسا داوای لێکردم ئامادەم بچمە بەردەم دادگا بۆ هەر شتێک". .