کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد – ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێک ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەموار بکرێتەوە. . ئەمڕۆ (هەینی، 13ی ئەیلولی 2019) جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان چەند کەموکوڕییەکی هەیە و پێویستی بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە هەیە و ئێمەش وەکو چەند پەرلەمانتارێک لە یاداشتێکدا بەفەرمی داوامان کردوە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکرێتەوە". . وتیشى، ئەوەی ئەوان تێبینیان هەیە لەسەری 12 بڕگەی نێو پەیڕەوەکەیە و بەبڕواى ئەو پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە و نموونەى بەوە هێنایەوە لەم پەیڕەوەی ئێستا پەرلەمان پێناسەیەکی دروستبوونی نییە بۆ زاراوەکانی "پڕۆژە یاسا و پێشنیازی یاسا" و جۆرێک لە تێکەڵاویی تێدایە بۆیە دەیانەوێت لەم هەموارکردنەوەیەدا ئەوە چاک بکرێت. . بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، روونیکردەوە "خاڵێکی دیکە ئەوەیە لە پەیڕەوەکەی ئێستادا پەرلەمانتاران ناتوانن لە فراکسیۆنەکانی خۆیان جیا ببنەوە و فراکسیۆنی سەربەخۆ دروست بکەن، ئێمە دەمانەوێت ئەوەش هەموار بکەینەوە". . بەوتەى جەلال محەمەد، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمان کۆببێتەوە خوێندنەوەی یەکەم بکات بۆ ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان. . پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە 126 ماددە و 12 بەش پێکهاتووە و کۆتا جار لە 17ی تەمموزی 2018 هەموارکراوەتەوە . .