گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ڕۆژانە هەزاران تۆن خۆڵ و خاشاک لە هەرێم کۆدەکرێنەوە و هیچ ناوەندێکى ڕیسایکلینیش بوونى نییە

2019.09.11 - 16:44
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژانە هەزاران تۆن خۆڵ و خاشاک لە هەرێم کۆدەکرێنەوە و هیچ ناوەندێکى ڕیسایکلینیش بوونى نییە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح پاش ئەوەی قائیمقامیەتی سلێمانی لە هەنگاوێكدا، بوە یەكەمین فەرمانگە له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كە بە شێوەیەكی پراكتیكی پاشماوەكانی خۆڵ و خاشاكى لێك جیا کردەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تائێستا ناوەندەکانی دووبارە دروستکردنەوەی کەرستەکان لە خۆڵ و خاشاک (ڕیسایکلین) لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە. , لەبارەى ڕێژەى ئەو خاشاکەى لە هەرێم ڕۆژانە فڕێ دەدرێت زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە لە شاری سلێمانی هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن شارەوانی سلێمانی کۆدەکرێتەوە، ئەو ڕێژەیەش لە بۆنەکان و ئاهەنگەکاندا بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار و 200 تۆن". , وتەبێژەکەى شارەوانى سلێمانى ئەوەشى وت: "لە ئێستادا پڕۆژەی ڕیسایکلین لە شاری سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریشە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو پڕۆژەیە تەواوبکرێت، پڕۆژەکە دراوە بە کەرتی وەبەرهێنان و لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروقەوە جێبەجێدەکرێت". , سەبارەت بە گرنگى ئەو پرۆژەیە بۆ شارى سلێمانى، زەردەشت ڕەفیق ئەوەى خستەڕو، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ڕێژەی فڕێدانى خۆڵ و خاشاک لە ناوچەی تانجەڕۆ، وتیشی، چونکە ئەو ناوەندە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پارێزگاریکردن لە ژینگەی شارى سلێمانى. , بە هەمان شێوەى پارێزگاکانى دیکە، پارێزگاى هەولێریش هیچ ناوەندێکى ڕیسایکلینى تێدا نییە، ئەوەش وێڕاى ئەوەى کە لە ساڵەکانى 2012 و 2017 کار بۆ دانانى ڕیسایکلین کراوە لەو پارێزگایە، ئەوانەش بە وتەى فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر. , فەرمان خەلیل تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "هۆکاری نەبوونی ئەوناوەندە دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری دۆخی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆى شەڕى داعشەوە، هەروەها شوێنی ناوەندەکەش کە بڕیار بوو لە سنوری نێوان هەولێر و ناحیەی گوێردا دروستبکرێت، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی ئەو پڕۆژەیەیە، بەهۆى ئەوانەشەوە وەبەرهێنەرەکە پاشەکشەى لە پرۆژەکە کرد کە بڕی تێچووەکەی نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار بوو". , لەبارەى ئەو ڕێژە خۆڵ و خاشاکەى ڕۆژانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە فڕێ دەدرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی هەولێر وتى: "شارەوانی هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 300 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکاتەوە، ئەگەر میکانزمێک نەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆ هاوڵاتییان". , بەڕاى ژینگەپارێزان، فڕێدانی بڕێكی زۆر لە خۆڵ و خاشاك لە دەروازەی شارەکان، جگە لە پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە، مەترسی گەورەشی بۆ تەندروستیی هاوڵاتییان هەیە، هۆکارێکیشە بۆ ناشرینکردنی سیمای شارەكان. , ئەمیر ئەتروشی، وتەبێژەی شارەوانی دهۆک تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە پارێزگاى دهۆک هیچ  ناوەندێکی ڕیساکلین بوونى نییە، ئەوەی هەیە تەنها دوو ناوەندن کە کاری جیاکردنەوەی خاشاک دەکەن بەبێ ئەوەی چارەسەری بۆ بکەن، ئەو دوو ناوەندەش دەکەونە قەزای ئاکرێ و قەزای سێمێل". , لە پارێزگاى دهۆکیش ڕۆژانە زیاتر لە 800 تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن شارەوانییەوە کۆدەکرێنەوە. , ,