گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەكانی تیادا دیاریدەكرێت

یەكێتی بەشداری لەكۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات

2019.03.19 - 10:29
App store icon Play store icon Play store icon
یەكێتی بەشداری لەكۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەكان و ناس كورد ئەو لیژنانە ئاشكرا دەكات كە سەرۆكایەتییەكەی بەر  فراكسیۆنی یەكێتی کەوتوە.

 

عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن فراكسیۆنی یەكێتی سەرۆكایەتی چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستانی بەردەكەوێت".

وتیشی "فراكسیۆنی یەكێتی سێ‌ سەرۆكی لیژنە و سێ‌ جێگر و سێ‌ بڕیاردەر وەردەگرێت".

 

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لەو بڕوایەدایە هەموو لیژنەیەك رۆڵ و كاریگەری خۆی هەیە و بەگرنگی دەزانێت كە فراكسیۆنی یەكێتی ئەگەر سەرۆكایەتی لیژنەكەشی لەلا نەبێت لەهەموو لیژنەكاندا ئەندامی هەیە و بەشداری كردووە.

 

عەباس فەتاح روونیشیكردەوە "بەلای منەوە هەموو لیژنەیەك گرنگی خۆیی و كاریگەری خۆی هەیە و لیژنەكە سیادی بێت یان خزمەتگوزاری".

 

دوێنێ‌ (دووشەممە) سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ رێككەوتن لەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە، پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لەبارەی ئەو لیژنانەی كە سەرۆكایەتییەكەی دەدرێتە فراكسیۆنی یەكێتی، وتی "تائێستا سەرۆكی لیژنەكانی (لیژنەی دارایی، لیژنەی شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزار و گواستنەوە و وەبەرهێنان، لیژنەی رۆشنبیری) بۆ یەكێتی یەكلایی بووەتەوە".

 

پەرلەمانتارەكەی یەکێتی ئامادەنەبوونی فراكسیۆنەکەی لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ نەگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بەرێككەوتنی سیاسی گەڕاندەوە و رەتیشیكردەوە لەناو فراكسیۆنی یەكێتی گفتوگۆی ئەوە كرابێت كە فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدات لە كاتی خستنە دەنگدانی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان.