کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح چەند مانگێکى کەم بەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێم تێپەڕیوە و ئەوەى بۆتە جێگەى سەرنجى هاووڵاتیان و ناوەندە میدیاییەکان بەڵێنە زۆرەکانى بەشێک لە وەزیرەکانى کابینە نوێکەیە، بەتایبەت لەم ماوەیەدا بەڵێنەکانى وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بۆ دامەزراندنى هێڵى ئاسنین لەنێوان پارێزگاکانى کوردستان زۆرترین مشتومڕى لێکەوتەوە. . وتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێم بەستنەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە هێڵی ئاسنی بە یەکێک لە ئامانجەکانی وەزارەتەکەیان دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات بڕیارە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەو پلانە جێبەجێ بکرێت. . مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەناس کوردی ڕاگەیاند :"درووستکردنی هێڵی ئاسنی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی چوار ساڵەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە". . وتیشی، پلانەکە لە ئێستادا ئاراستەى ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە مەبەستی پەسەندکردنی و تەرخانکردنی بودجەی پێویست. . هاوکات شارەزایەکى بوارى ئابورى عێراق پڕۆژەی پەرەپێدان بە هێڵی ئاسنی لە هەموو عێراق بە یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکومەتی عێراق ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی شوێنی جوگرافی عێراقەوە کە وەک پردێکە لە نێوان خورهەڵات و خۆرئاوا، تورکیا و قەتەر و کوێت پێشنیازی درووستکردنی هێڵی ئاسنیان کردووە بە مەبەستی بەستنەوەی کەنداوی عەرەبی لەڕێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئەوروپاوە. . هومام شەماع، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ناس کوردى روونکردەوە، ئەو پڕۆژەیە بە پارەی وڵاتانی قەتەر و ئیمارات درووستدەکرێت، ئەو وڵاتانەش کۆی ئەو گوژمەیە کە تەرخانی دەکەن لە ماوەی پێنج ساڵدا دەتوانن بەدەستی بهێننەوە لە داهاتی پڕۆژەکە. . ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەکرد، هێڵە ئاسنییەکەی عێراق کە وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە دەبێت بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت، بۆ ئەو کارەش بەپێویستى دەزانێت ڕێککەوتنی ئابووری و سیاسی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، ئەنجام بدرێت. .