کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
بەرپرسی ئاژانسی پاراستنو زانیاری – زانیاری رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان لە گوندی باغوزی سوریا سەرەداویان لەبارەی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەكانی شەڕی داعش دەستكەوتووە.
لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستنو زانیاری – زانیاری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو هێزەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری كە لەم ماوەیەی رابردوو سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردوە جگە لەشەڕكردن دژی چەكدارانی داعش لەدوا مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لەباغوز، بەدواداچوونیان كردووە بۆ چارەنووسی ئەو پێشمەرگە دیلانەی كە تاكو ئێستا بێسەروشوێنن.
وتیشی "هەندێك سەرەداومان لەو بارەیەوە دەستكەوتبوو خەڵكانێك كە بەرپرس بوون لەو كارە بەدوای ئەوەدا چووین و هەندێك كەسمان لەوێ دەستگیر كردووە بۆ ئەوەی بتوانین بەدواداچوونی زیاتر بكەین بۆ چارەنووسی ئەو پێشمەرگە دیلانەی كە كاتی خۆی لەشەڕی داعشدا بەدیل گیران".
رۆژی 7ی ئاداری 2019 ماڵپەڕی فەرمی دەزگای ڕاگەیاندنی هەسەدە بڵاوی كردەوە شاندێكی هێزەكانی دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیان كرد و لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەرەكە، بۆڵات شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستانی عێراق لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبووەتەوە و تاوتوێی ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆریان كردووە پاش تێكشكاندنی تەواوەتی داعش.
هێزەكانی ڕۆژاڤا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ ئەو هێزانەی هەرێمی كوردستان هەیە كە نزیكن لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، بەپێچەوانەوە پەیوەندییەكانیان بەهەمان ئەندازە لەگەڵ هێزەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە باش نییە.