گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

خاوەنەکەى کوردە و پێشینە و ئەزمونی نییە.. زانیاری لەبارەى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنی دادنوسی [تایبەت]

2019.09.04 - 22:18
App store icon Play store icon Play store icon
خاوەنەکەى کوردە و پێشینە و ئەزمونی نییە.. زانیاری لەبارەى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنی دادنوسی [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- حکومەتى هەرێم سیستمی فەرمانگەکانى دادنوسی و مامەڵەى عەریزەنوسەکانى بە ئەلیکترۆنی کردووە، پڕۆژەکەشی داوە بە کۆمپانیایەکی بەریتانیا، کۆمپانیاکەش بۆ هەر مامەڵەیەکی هاوڵاتیان 25 هەزار دینار وەردەگرێت لە کاتێکدا پێشتر تەنیا بە سێ هەزار دینار بووە. وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە کاردانەوە و توڕەبوونی بەشێک لە هاوڵاتیانى لێکەوتەوە، عەریزەنوسەکان خۆپیشاندانیان کرد و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش داوای لێکۆڵینەوەیان کرد. لە بەدواداچوونێکى ناس کورد بۆ کار و ناسنامەى کۆمپانیاکە، دەرکەوتووە خاوەنی کۆمپانیاکە کوردە و لە بەریتانیاش هیچ پڕۆژە و ئەزمونێکی کاری نییە. . زیاتر بخوێنەوە.. سلێمانی.. لەمڕۆوە نرخی نووسینی عەریزە دەبێتە 29 هەزار دینار . لە ماڵپەڕی "کەمپەنی هاوسی" حکومەتى بەریتانیا، کۆمپانیای INFORR LTD کە وەزارەتى ناوخۆی هەرێم پڕۆژەکەى پێداوە، لە لایەن کەسێکی کوردەوە بەناوی "ئادەم ڕەشید"ەوە بەڕێوەدەبرێت، کۆمپانیاکە دوو لقی هەیە، یەکێکیان لە شاری نیوکاسڵی بەریتانیا و ئەوی تریان لە هەولێر لە ئیمپایەر تاوەرز. هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، داهاتی ساڵی 2018ی کۆمپانیای INFORR LTD کە پڕۆژەی دادنوسەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ دەرچووە تەنها هەشت هەزار و 197 دۆلاری ئەمریکییە هەیە لە سیستمی باج و داهاتی بەریتانیا. . زیاتر بخوێنەوە.. دوو کۆمپانیا ئامادەن بە حەوت هەزار دینار کاری "عەریزەنوسەکان" بکەن بە ئەلیکترۆنی [بەڵگە] . زیاتر لەوەش، هەمان ئەو کەسە، ئادەم ڕەشید، کە خاوەنی کۆمپانیاکەیە، لە ساڵی 2018دا لە بەریتانیا کۆمپانیایەکی دیکەى بە ناوی RTEC SECURITY LTD تۆمارکردووە بە هەمان ناونیشانەوە واتە لقی سەرەکی لە نیوکاسڵە، لە حکومەتى هەرێمیش چەندین پڕۆژەى تری وەرگرتووە. وەک لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکە بڵاوکراوەتەوە، چەندین سوپاس و پێزانینی لە حکومەتى هەرێمەوە پێگەیشتووە لە بەرانبەر ئەو کارانەى کە کردوویەتی و لەلایەن سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە واژۆ کراوە. . لە بەشی "دەربارەى ئێمە"ی کۆمپانیای RTEC SECURITY LTD هاتووە، "ئێمە گرێبەستێکی پێنج ساڵەمان هەیە لەگەڵ حکومەتى هەرێم بۆ ئامادەکردنی کارتی ناسنامە بۆ خزمەتگوزاریی کۆچبەران لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەلار، هەروەها پڕۆژەیەکی تری وەرگرتووە بۆ پێدانی ناسنامە بە پۆلیسی دهۆک و ئەفسەرانی پاسپۆرت و کۆچبەران." . زیاتر بخوێنەوە.. عەریزەنووسەکان سیستمى ئەلەکترۆنى رەتدەکەنەوە [ڤیدیۆ]. . لەبارەى پڕۆژەکەوە، بەختیار ئەمین، دکتۆرا لە زانستی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیا و مامۆستا لە زانکۆی لیڤەرپوڵ بە ناس کوردی وت، "حکومەتى ئەلیکترۆنی واتە ڕایکردنی هەموو کاروبارەکانى هاوڵاتی بەبێ بەکارهێنانی کاغەز، ئەو پڕۆسەیەی کە ناوی لێنراوە بە ئەلیکترۆنیکردنی دادنوسەکان بە پێچەوانەوەیە و تەنها لە کاغەوە بۆ تایپێست. وتیشی، "یەکێک لە سودەکانی حکومەتى ئەلیکترۆنی بریتییە لە کەمی نرخ و گێرانەوەى کات، ئەم پڕۆژەیە پێچەوانەی ئەو دوو بنەمایەیە، تێچووەکەى نزیکەى 25 هەزارە و نابێت ئەو پڕۆسەیە ئەوەندە تێچووی هەبێت، دووەمیش لە ڕوی کاتەوە، من سەردانی دادنوسیم کردووە و بینیم کە پڕۆسەکە خاوترە لە پێشوو." . ڕاشیگەیاند، "لە حکومەتى ئەلیکترۆنیدا هەکاتێک هاوڵاتییەک لە فەرمانگەیەک زانیارییەکانى داغڵ کرد، چیتر پێویست ناکات لە کاتێکی تردا و بۆ مامەڵەیەکی تر زانیارییەکان داغڵ بکاتەوە و پارەى لێ وەربگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر هاوڵاتییەک ئەمڕۆ عەریزەیەکی نوسی و هەفتەى داهاتوو پێویستى بە عەریزەیەکی تر بوو، ئەوە پێویست ناکات جارێکى تر زانیارییەکان داغڵ بکاتەوە، بەڵام پڕۆژەى ئەو کۆمپانیا وا نییە." ناس کورد پەیوەندی بە ئادەم ڕەشیدەوە کرد لە بەریتانیا کە کۆمپانیاکە بەناوی ئەوەوە تۆمارکراوە، ناوبراو ڕایگەیاند، "ئێمە کۆمەڵێک کۆمپانیاین و هەر کۆمپانیایەک لە بواری خۆیدا کار دەکات، بە نیسبەت پڕۆژەى دادنوس لە کوردستان بەداخەوە وڵاتی ئێمە نایەوێ پێش بکەوێت، نایانەوێت هەنگاو بنرێت و خەڵک حەزی لە ڕۆتینە، زۆر زۆر پەشیمانین لەو کارەى کردوومانە." . ئادەم ڕەشید وتیشی، "ئەو لایەنانەى دەڵێن دەتوانن بە نرخێکی کەمتر ئەو کارە بکەن درۆیە، ئێمە ئەوپەری کارمان کردووە بۆئەوەى کەمتر لەسەر خەڵک بکەوێت، وەزارەتی داد و حکومەتى هەرێم ڕسوماتی خۆیان لابردووە و ئێمەش پێنج هەزار قوربانیمان داوە." ڕاشیگەیاند، "ئێمە بەڵگەمان لایە پێشتر زیاتر لەو پارەیەی تێچووە و کاری ڕۆتیناتیشی زیاتر بووە، بەم سیستمەى ئێمەى هەرکەسێک کۆدێکی دەبێت و لە هەرشوێنێکی کوردستان زانیارییەکانى پارێزراوە و دەتوانرێت دواتر بەکاربهێنرێتەوە."