کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح
حکومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دژی کوەیت سکاڵایەکی تۆمار کردووە و تێیدا کوەیتی بە گۆڕینی سنوری دەریایی نێوانانیان لە ناوچەی خۆرعەبدوڵلا لە کەنداو تومەتبارکرد.
.
لە سکاڵاکەی حکومەتی عێراقدا هاتووە، کوەیت بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوانیان لەسەر ئەو ناوچەیە کە بە ڕێککەوتنی (خۆر عەبدوڵلا) ناسراوە پێشێلکردوە، ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئاڵۆز کردووە.
.
ڕێککەوتنی خۆر عەبدوڵلا چییە؟
رێککەوتنی خۆرعەبدوڵلا، لە مانگی تشرینی دووەمی 2013 لە نێوان عێراق کوەیت لە بەغدا واژوو کرا، ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە پابەندبوونی هەردوو وڵات، بە بڕیاری ژمارە 833ى ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.
.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ساڵی 1993 دەرچووە، لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی هەردوولا کە لەسەر سنوورە ئاوییەکانیان ساڵی 1963 دەریانکردووە.

بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1963 ناوچەی خۆرعەبدوڵلا دابەشدەکرێت لە نێوان عێراق و کوەیت، کە دەکەوێتە باکووری کەنداوی عەرەبی لە نێوان نیمچە دوورگەی فاوی عێراق و هەردوو دوورگەی بوبیان و وربەی کوەیەت.
.
لە سەردەمی کابینەکەی نوری مالکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ڕێککەوتنەکە نوێ کرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لە ناو عێراقدا درووستکرد، بەوەی عێراق لێی زەرەرمەندبووە وبووەتە هۆی ئەوەی ڕەیڕەوێکی ئاویی گرنگ لەدەستبدات، چونکە خۆر عەبدوڵلا تاکە ڕەیڕەوی ئاوییە کە بەندەرەکانی عێراق بە کەنداو دەبەستێتەوە.
.
یەکێک لەو ڕەخنانەی لە ڕێککەوتنەکە گیرا ئەوەبوو، لە سەربنەمای (هیڵی تالوک) ئەنجام نەدراوە، بەو مانایەی ڕەچاوی قوڵترین خاڵی ئاویی کەتێیدا کەشتییەکان بتوانن بە کاریبهێنن نەکراوە، بەوەش ئەو بەشەی بەر عێراق کەوتووە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناتوانن بە ئاسانی بەکاری بهێنن.
.
دوای واژوو کردنی رێککەوتنەکە، کوەیت بەندەری موبارەک گەورەی لە بەشی کەنارەکانی خۆرئاوی خۆرعەبدوڵلا لە دوورگەی بوبیانی کوەیت درووستکرد، ئەو هەنگاوی کوەیت وایکرد عێراق ڕەخنە لە شوێنی بەندەرکە بگرێت، بەو پێیەی بەندەرەکە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی کەشتیوانی بەرەو بەندەرەکانی عێراق درووستدەکات.
.
کێشەکان بۆچی ئێستا سەریهەڵداوەتەوە
حکومەتی عێراق، کوەیتی بەوە تومەتبارکردوە کە بەشێوەیەکی تاک لایەنانە و بێ گەڕانەوە بۆ عێراق هەستاوە بە گوڕینی هێڵی سنوریی دەریایی نێوانیان لە خاڵی 162 کە دەکەوێتە ناوچەی خۆڕ عەبدوڵلا ، ئەوەش بە درووستکردنی بەندرێکی بچوک لە ناوچەی( فشت ئەلعەیج).
.
ئەم هەنگاوی وڵاتی کوەیەت عێراقی نیگەران کردووە و لەڕێگەی محەمەد بەحرعلوم، نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سکاڵا لەسەر کوەیت تۆمارکراوە.
.

عێراق لە سکاڵاکەیدا، کوەێتی بە پێشێلکاری رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار کردووە، داوای کردووە، بڕیاردان لەسەر هەر هەنگاوێک لە و ناوچەیە بە ڕەزامەندی هەردوو وڵات بێت، نەک بەشێوەیەکی تاک لایەنانە.
.
حکومەتی کوەیت لای خۆیەوە ئەنجامدانی هەر پێشێلکارییەکی لەڕێککەوتنەکەی نێوانیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەو بەگوێرەی ڕێککەوتنی دووقوڵی نێوانیان کاری کردووە.
.
دەسەڵاتدارانی کوەیت ڕایانگەیاندووە، ڕێکارەکانی عێراق کارێگەری خراپی لە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەبێت، کە لە دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعسەوە لە 2003 پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
.