ناس کورد-
کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئێران بنکەیەکی سەربازیی گەورەی نوێی لەسەر سنوری عێراق دروستکردووە و بڕیارە هەزاران سەرباز لەو بنکەیەدا جێگیر بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی ئەیلولی 2019، کەناڵەکە چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردی ناوچەکەى بڵاوکردووە و دەڵێت، "پڕۆژەیەکی نهێنیی ئێرانیە و لەلایەن فەرماندەیی باڵا لە تاران ڕەزامەندی لەسەر دراوە و ناوی نراوە "کۆمەڵگەى ئیمام عەلی"، پڕۆژەکە لەلایەن فەیلەقی قودسەوە تەواو دەکرێت."
.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵە ئەمریکییەکە، "وێنەى پڕۆژەکە لەڕێگەى مانگە دەستکردەکانەوە گیراوە و وێنەکان ئەوە دەردەخەن کە بنکەکە لەکاتی دروستکردندایە لەسەر سنوری سوریا-عێراق."
شیکەرەوانی لە کۆمپانیای Image Sat International کە وێنەکانیان بڵاوکردووەتەوە بە کەناڵی فۆکس نیوزیان وتووە، "ئەگەری هەیە موشەکی ورد و زیرەک لەسەر پێنج باڵەخانە دابنرێت کە بەم تازەییە دروستکراون."
.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لە بەشی باکوری ڕۆژئاوای بنکەکەوە 10 کۆگای زیادە دەبینرێت کە ناوچەى پاسەوانییان بۆ دانراوە و چەند شوێنێکیش بۆ زەخیرەکردنی موشەک."
ئەوە یەکەمجارە کە بنکەى سەربازیی ئێرانی لە سوریا دروستدەکرێت بەم قەبارەیە.