کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هۆرڤان رەفعەت
گروپێکی گەنجانی شانۆکاری شاری سلێمانی بە هاوبەشى گروپێکی شانۆکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارى مەریوان، شانۆگەرییەکیان لەبارەى ئەنفالەوە ئەنجام دا، تاران و جۆرجیا بە نمایشەکە سەرسام بوون و بانگێشتیان کردوون.
,
ماوەی سێ ڕۆژە ژمارەیەک شانۆکاری گەنجی کوردی سلێمانی لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بۆ بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی شانۆیی سەرشەقامی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شانۆگەرى "کاتژمێر 9"یان نمایش کرد و پلەیەکی نایابیان بەدەستهێناوە.
,
ئەحمەد محەمەد، شانۆکاری کوردی شاری سلێمانی لەبارەى چالاکییەکەیان بەناس کوردی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند مانگێکە ئیمە وەک گروپی گەنجانی شانۆکاری سلێمانی لەگەڵ گروپێکی کوردی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی شانۆییەکی هاوبەش کە توانای گەنجانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەستێتەوە پێکەوە و بەیەکەوە نمایشێکی هاوبەش ئەنجام بدەین، کە وێنای یەکێک لە کارەساتەکانی گەلەکەمان نیشان بدەین".
,
ئەو شانۆکارە گەنجە کوردەى باشور ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە وەک گروپەکەی سلێمانی چوار کەسین و دەرهێنەر و سەرپەرشتیاری گروپەکەی ئێمە ئاسۆ ئەکرەمە، کە ڕاهێنانی پێکردووین، هەروەها گروپەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش 11 کەس بوون و موختاری موحەمەدی سەرپەرشتیار و دەرهێنەری ئەوان بوە و هەردوولامان بە جیا سەرەتا ڕاهێنانمان کردووە و دواتر پێکەوە تەنها 12 کاتژمێر ڕاهێنانمان بەهاوبەشی کردووە و ڕۆژی 24ی ئابی 2019یش، لە پێش هەزاران کەسدا کە لە دەیان وڵاتی جیهانەوە هاتبوون شانۆگەرییەکەمان نمایش ئەنجامدا".
,
شانۆگەرییەکەى گروپە هاوبەشەکەى باشور و ڕۆژهەڵات، ناوی "کاتژمێر 9" یە و باس لە ئازار و هەستانەوەکانی گەلی کورد دەکات دوای کارەساتی ئەنفال، ناوەکەشى لە چرکەساتێکى ئەنفالەوە وەرگیراوە.
,
لەبارەى کاردانەوەى بینەرانى شانۆگەرییەکە، ئەو هونەرمەندە شانۆکارە باسی لەوەکرد، دوای نمایشکردنەکەمان ئامادەبوان و تەماشاکەران، نمایشەکەی ئەوانى زۆر بەدڵ بوە و تەنانەت لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان زۆر سەرسام بوون و پێیان ڕاگەیاندون کارەکەی ئەوان نایاب بوە و بەدڵنیاییەوە خەڵاتی یەکێک لە باشترین شانۆگەرییەکان وەردەگرن.
,
"دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەکەمان لەلایەن هەریەکە لە فێستیڤاڵی فەجری تاران و فێستیڤاڵی وڵاتی جۆرجیاوە بانگهێشت کراوین بۆ ئەوەی هەمان نمایش ئەنجام بدرێت"، ئەحمەد محەمەدى شانۆکار واى وت.
,
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵیش لە ڕۆژی 23ی ئابەوە تاوەک 28ی ئاب بەردەوام دەبێت، چەندین گروپی شانۆیی لەشارەکانی کوردستان و ئێران و وڵاتانی جیهانەوە بەشداربوون و سەرجەم گروپەکان شانۆگەرى سەرشەقام ئەنجام دەدەن.
,
,